لە خورماڵ دەهاتنەوە
لە خێزانێکی چوار کەسی دایکیان گیانی لەدەستدا
بڕوا مەجید – سەیدسادق
ئێوارەی رۆژی هەینی28.3.2025، لەسەر رێگای سەرەکی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە لە نزیک پردی ناوگردان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
کەمال سەعدون، کارگێڕی ئێشکگر لە نەخۆشحانەی گشتی شەهید شەوکەت لەسەیدسادق بۆ 964 وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەنزیک پردی ناوگردان لەسەر رێگای سەیدسادق بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چوار کەس گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان کە دانەیەکیان گیانی لەدەستدابوو، سێ کەسەکەی دیکەش برینداربوون سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
رووداوەکە خێزانێکی چوارکەسی بوون، پێک هاتبوون لە ژن و پیاوێک و دوو منداڵ، لە خورماڵەوە بەرەو سەیدسادق هاتوون ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە.
ئەو ئێشکگرە باسی لەوەکرد، هەرلەشوێنی رووداوەکە دایکەکە کە تەمەنی 30 ساڵ دەبوو گیانی لەدەستدابوو تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە، دوای چارەسەری پێویستیش بۆ سێ بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون لە سلێمانی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا