کارمەندێکى پۆلیس
دوو موچەى وەرگرت و دانەیەکى گەراندەوە
964+
گۆڤەند فەتاح- کۆیە
کارمەندێکى پۆلیس لە تەقتەق، دواى ئەوەى لە رێگەى هەژمارى منەوە موچەى مانگى سێى وەرگرت، دواتر موچەیەکى دیکە خرایە سەر هەژمارەکەیى و هەردوکیانى راکێشا، بەڵام بڕیاریداوە بیگەڕێنێتەوە بۆ بانک.
ویژدانم قبوڵى نەکرد و بڕیارمدا بیگەڕێنمەوە
دەشتى نەسرەدین، کارمەندى پۆلیس لە تەقیتەق، کاتژمێر 3ـى بەرەبەیانى ئەمڕۆ موچەى مانگى سێ لە هەژمارەکەى رادەکێشێت، بەڵام دواتر موچەیەکى تر دێتەسەر هەژمارەکەیى و ئەوەى تریش رادەکێشێت، وەک ئەوەى بە 964ـى وت،”دواى ئەوەى زانیم بە هەڵە خراوەتە سەر هەژمارەکە یەکسەر تەلەفۆنم بۆ بانکى جیهان کرد و لە حاڵەتەکە ئاگادارم کردنەوە، ئەوانیش پێیان وتم کە بیگەڕێنمەوە”.
دەشڵێت: ویژدانم قبوڵى نەکرد بۆیە بڕیارمدا بیگەڕێنمەوە، چاوەڕێى بانکم بۆ ئەوەى میکانیزمێک بدۆزێتەوە و بۆیان بگەڕێنمەوە.
باسى لەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە توشى حاڵەتى وا دەبێت، بەڵام پێشتر پۆلیسێکى هاوڕێى بەهەمان شێوە دوو موچە خراوەتە سەر هەژمارەکەى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح