"دەبێتە ئەلیکترۆنی"
بەبێ ماستەر کارد بەنزین نییە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەڕێوەبەری بەشی سوتەمەنی لە خورماتوو دەڵێت، لە رۆژی شەممەی داهاتووە شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزین، دەبێت ماستەر کارتیان پێ بێت و بە پارەى دەستى بەنزین نادەن بە کەس.
حەسەن مەهدی، بەڕێوەبەری بەشی سوتەمەنی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، بڕیارەکە لە رۆژی شەممەوە جێبەجێدەکرێت و ئەو شۆفێرانەی دێن بۆ وەرگرتنی سوتەمەنی، دەبێت ماستەر کارتی تایبەت بە خۆیان هەبێت و بە پێچەوانەوە بێبەش دەبن لە وەرگرتنی سوتەمەنی.
وتیشی، پێشتر بڕیارەکە تەنها لەسەر هەریەک لە ئۆمبێلەکانی جۆری تاکسی و پیکاب جێبەجێ کرابوو، بەڵام لە رۆژی شەممەوە، سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش دەگرێتەوە، داواش لەو شۆفێرانە دەکات، کە ماستەرکارتیان نییە، بچن دەریبهێنن بۆ ئەوەی بێ بەش نەکرێن لەوەرگرتنی بەنزین.
ئەم گۆڕانکارییە لە پێدانی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی، جگە لە بەشی سوتەمەنی خورماتوو، لە هەر یەک لە فەرمانگەکانی نەخۆشخانەی گشتی و رەگەزنامەی قەزاکە جێبەجێکراوە و بەمزوانە لە سەرجەم فەرمانگەکانی تر جێبەجێدەکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش