350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتەوە بەشدارن
عاشقانی کتێب 11 رۆژ جەژنیانە.. پێشانگای کتێب لە رێیە
964+
ژووری هەواڵ
بە فەرمی راگەیەندرا کە رۆژانی 9 بۆ 19ی مانگی چوار پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوەدەچێت، دامەزراوەی ئەلمەدا رایگەیاند ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە بەشدار دەبن.
تۆڕی 964 هاوبەشی میدیایی پێشانگاکەیە، دوو ساڵی رابردووش هەر وابوو، ئەم پێشانگایە بۆنەیەکی گرنگە بۆ دۆستانی کتێب، ئەمساڵ زۆر زیاتری لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە.
کەمێک لەمەوبەر دامەزراوەی ئەلمەدا لە بەیاننامەیەکدا وردەکاری پێشانگاکەی ئەمساڵی راگەیاند، ئەمە دەقەکەیەتی:
”جیهان بە کوردی دەدوێت”
رۆژی 9ی نیسانی داهاتوو پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوەدەچێترۆژانی (9 بۆ 19ی نیسانی داهاتوو) خولی حەڤدەهەمی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لە پارکی سامی عەبدولرەحمان بەڕێوەدەچێت.
ئەم پێشانگا ساڵانەیە کە دامەزراوەی (ئەلمەدا) بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر بە چاودێری سەرۆک مەسعود بارزانی و بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات، ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە تیایدا بەشدارن، بەشێک لەمانە کە لەوڵاتانی دەرودراوسێ و مەغریبی عەرەبی و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون بۆ یەکەمجارە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەن، ئەمانەش هەموویان لەسەر رووبەرێک کتێبەکانیان نمایش دەکەن کە زیاترە لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشە.
(جیهان بە کوردی دەدوێت)، ئەمە ناوی خولی حەڤدەهەمی پێشانگاکەیە، وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو جموجۆڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە، هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە.
بە درێژایی رۆژانی پێشانگاکە چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بەڕێوەدەچن بە بەشداری رۆشنبیران و شارەزایانی کورد و عەرەب لە پاڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی کتێب و گەشەی پیشەسازی بڵاوکردنەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکەرەوەو کتێبخانەکانی عێراق.
هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگادا گفتوگۆی رۆشنبیری و کلتوری جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت بە بەشداری نوسەرانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، لەگەڵ چالاکی خوێندنەوەی شیعرو واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان، ئەم چالاکییانەش بە هەماهەنگی دەبن لەگەڵ یەکێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو چەند ئاهەنگێکی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لە بارەی عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوەدەچن.
لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب دەتانبینین، با پێکەوە رەونەق بۆ کتێب بگێڕینەوە
دامەزراوەی ئەلمەدا
بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر25ی ئازاری 2025
بەشداربووانی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لەسەر خوێندنەوە چی دەڵێن؟
حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کشتوکاڵ و خۆراك کرایەوە