ئاویان لەسەر گیراوەتەوە
مەترسى لەسەر بەرهەمى جوتیارانى گوندى یەنگیجەى تاڵەبانى دروستبووە
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
کێشە و گرفت رووى لە جوتیارانى گوندنى یەنگیجەى تاڵەبانى سنوورى داقوق کردووە، ئەوەش دواى ئەوەى ئاو لەسەر زەوییەکانیان گیراوەتەوە و بەرهەمەکانیان مەترسى لەسەر دروستبووو.
دژى گرتنەوەى ئاوەکە، ئەمڕۆ بەشێک لە جوتیارانى گوندەکە گردبوونەوە.
ئارام تاهیر جوتیارێکی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانییە بە 964ـی وت،”ئاوى سەر زەوییەکانمان لە زێى بچوکەوە دێت، لێرەش هەفتەى جارێک بەپێى سیستەمى نورە ئاومان پێدەدەرێت، بەڵام هەفتەى رابردوو ئاوەکەیان لەسەر گرتینەوە، ئەمڕۆ نۆرەمان بوو بەڵام ئاویان بۆ بەرنەداینەوە”.
وەک باسى دەکات، ئەگەر بەم شێوەیە بێت، رەنج و ماندووبونیان بە خەسار دەچێت.
وتیشی،” لەگەڵ بەرێوەبەری ئاودێری داقوق قسەمان کردوە پێی وتین ئاوی پرۆژەکە دەدرێتە ناحیەی ئامرلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و ئێوەی جوتیارانی داقوق هیچ پشکێکتان نییە”.
روونیشى کردەوە، لەو پرۆژەیە هەرسێ ناوچەی تاڵەبانی و داوێی و کاکەیی سودمەندن، کە زیاتر لە 30 گوند دەبێت و 40 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لەسەرە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح