تەماتەی گوندی ئۆمەر گومەت _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
نزیکەی 750 دیناری چووەتەسەر
نرخی تەماتە سێ هێندە بەرزبووەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان روو لە بەرزبوونەوەیە، بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی 750 دینار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.3.2025، سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەم کاتەدا تەماتەی خۆماڵی نەماوە، ئەوەی کە هەیە هی بەسڕەیە و ئەوەش بەکەڵک نایەت، بۆیە نرخی تەماتە بەرزبووەتەوە.
“ئێستا لە بازاڕدا تەنیا تەماتەی بەسڕەمان هەیە کە زۆر خراپە و ئەوەشی کە باشە نرخی کیلۆیەکی بە یەک هەزار و 250 دینارە”، سەروەر عەلی وای وت.
لەبارەی هۆکاری گرانبوونی تەماتە، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی وتی، هاوردەکردنی قەدەغە کراوە، ئەگەر قەدەغەکە هەڵبگیرێت نرخی تەماتەی باش دەچێتە 300 بۆ 600 دینار بۆ هەر کیلۆیەک.
لە رێکەوتی 26.1.2025ـەوە وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتە و تەنیا بەرهەمی ناوەڕاست و باشووری عێراق دێتە هەرێم.