دووەم حاڵەتە لە مانگی رەمەزان لەو ناوچەیە روودەدات
لە پێنجوێن پێشمەرگەیەک مین پیایدا تەقییەوە و گیانی لەدەست دا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
وەرزی بەهارە و کە دەچن بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، ئاگاداری مینە جێهێڵراوەکانی کەژوکۆکان بن، لە گوندی سیامێوەی سەر بە ناحیەی ناڵپارێزـی قەزای پێنجوێن، پێشمەرگەیەک کە بۆ گژوگیا رووی لە ناوچەکە کردبوو، مین پیایدا تەقییەوە و گیانی لەدەست دا.
هێمن ئیبراهیم قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ـی وت، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24.3.2025 روویداوە و ئەو کەسەی مینی پێدا تەقیوەتەوە، پێشمەرگەیە و دانیشتووی سەیدسادقە، تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ دەبێت و پێدەچێت بۆ گژوگیای بەهارە چووبێتە ناوچەکە”.
لە مانگی رەمەزاندا چەندین کەس بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش دووەم حاڵەتە لە پێنجوێن کە لە رەمەزاندا مین پیایدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای مین، قەزای پێنجوێن پیسترین ناوچەی کوردستان و عێراقە لەڕووی مینەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری