درۆن یان ئارپێجی بووە؟
لە گوندێکی سەر بە قەزای کفری دەنگی تەقینەوە بیستراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گوندی تەپەسپی لە ناحیەی ئاوەسپی سەر بە قەزای کفری، ئێوارەی دوێنێ ھەینی، ھاوڵاتیانی گوندەکە گوێیان لە تەقینەوەیەک بووە لە نزیک گوندەکەیان، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، “گومان دەکەن ئارپێجی بووبێت”.
گوندی تەپەسپی نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە قەزای کفرییەوە دوورە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، بە 964ى وت، “خەڵکی گوندەکە وتیان لە رێگەی درۆنەوە چەند موشەکێک کەوتووەتە خوارەوە، ھێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ چوونە شوێنی رووداوەکە”.
“کەسێکی خەڵکی گوندەکە وتویەتی درۆنی بینیوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسە لە گوندەکە نەبووە تا ھێزە ئەمنیەکان قسەی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەوەی لە جێگاکە بینراوە لە پاشماوەی گولـلەی ئارپێجی دەچێت، تەنیا پاشماوەی یەک گولـلەش لە جێگاکەدا ھەبووە، لە دووریی کیلۆمەترێک لە گوندی تەپەسپی”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
وتیشی، “ھیچ زیانێکی نەبووە لە زەوییەکی کێڵدراودا کەوتووەتە خوارەوە، بە تەواوی رۆیشتووەتە ناو زەوییەکەوە، ھێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەی زیاتر بەردەوام دەبن”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا