مەسرور بارزانی و مایکل واڵتز _ وێنە: KRG
بارزانی و واڵتز قسەیان کرد
تەلەفۆنێک لە ئەمریکاوە؛ حکومەت پێکبێت و نەوت هەناردە بکرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
مەسرور بارزانی، دەڵێت ئەمڕۆ هەینی 21.3.2025، لەگەڵ مایکل واڵتز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
لەو پەیوەندییەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریکا کرد، ئەوەش بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها دووپاتی ئەوە کراوەتەوە، کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کراون.