لە رێگەی مامۆستایانی ئاینییەوە

داوای لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ئاوی چەند گەڕەکێکی پێنجوێن دەکرێت

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن دەیەوێت پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرما زیادەڕۆی سەر ئاوی چەند گەڕەکێک لاببات بۆ ئەوەی توشێ گرفت نەبن.

بەناز بورهان بەڕێوەبەری نوێی ئاوی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، بەشێکی دانیشتوانی گەڕەکی کانی گۆیژ و ناوشاخان ئاوی زیادەیان راکێشاوە و زانیارییان پێگەشتووە لە میراوەکانیانەوە.

وتیشی، ئەمڕۆ لە رێگای مامۆستایانی ئاینییەوە داوایان لە هاوڵاتیان کردووە بۆ ئەوەی هەر ماڵێک ئاوی زیادی راکێشاوە لایببات بۆ ئەوەی هەم چارەسەری کێشەکە بکەن و هەمیش پێویست بە گەڕان نەکات.

ئەوەشی خستەروو، راکێشانی ئاوی زیاد دەبێت هۆی لاوازی ئاو لە کاتی دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکان و کێشە بۆ ماڵەکانی دەورووبەر دروست دەبێت و لە وەرزی کەم ئاویشدا دەبێت هۆی زیادبوونی پێویستی ئاو.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا کارمەندی پێویستی نییە بۆ گەڕان بەسەر ماڵەکاندا بۆیە داوایان لە قایمقامییەتی قەزاکە کردووە هاوکاریان بکەن و لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ دەربکەن لە دوای جەژن بۆ گەڕان و پشکنین.

بەناز بورهان وتیشی، ئەو گەڕەکانەی کە باسیان کردووە بەرەو قەرەباڵغی زیاتر دەڕۆن ئەوەش وا دەکات لە داهاتوودا کێشەی زیاتریان بۆ دروست ببێت.

بەشێکی زۆری ماڵەکانی پێنجوێن بیری تایبەتی خۆیان هەیە و فەرمانگەی ئاویش لە رێگای بیری ئینتیوازییەوە ئاو بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن.