سوپای سودان كۆشكی سەرۆكایەتی دەستبەسەردا گرت. فۆتۆ: ئاژانسەكان
12 ملیۆن ئاوارە
ئەم بەیانییە سوپا دەستی بەسەر كۆشكی سەرۆكایەتیی سوداندا گرت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شەڕ و ئاژاوە و كودەتا لە وڵاتی سودان كۆتایی نایەت و ئەم بەیانییە سوپای سودان دەستی بەسەر كۆشكی سەرۆكایەتی وڵاتەكەدا گرت.
سەرچاوە سەربازییەکان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستیان کردەوە، کۆشکی سەرۆکایەتی لە خەرتووم كەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سودان، دوای ئەوەی هێزەکانی لە لای رۆژهەڵاتەوە هاتنە ناوەوە.
لەم دواییانەدا، شەڕ و پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان هێزەکانی سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقەڵوو روویدا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بوو لەلایەن سوپاوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆشکەکە.
كۆنتڕۆڵی ئەمڕۆی سوپای سودان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی، دوای ئەوە دێت دوو ساڵ لەمەوبەر كۆشكەكە كەوتە دەست هێزەكانی پشتیوانی خێرا.
شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە دوێنێ پێنجشەممەوە گەیشتە قۆناغێكی سەخت و دەنگی تەقینەوە و رووبەڕووبوونەوە لە سەرانسەری خەرتومی پایتەختدا بیسترا، كە لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕی توند لە نێوان سوپا و پشتیوانی خێرا هەبوو.
سەرچاوەیەکی سەربازی کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، سوپا کاروانێکی 30 ئۆتۆمبێلی هێزی پشتیوانی خێرای تێکشکاند کە هەوڵی کشانەوەیان بۆ باشوور دەدا.
سوپای سودان رۆژی دووشەممە کەتیبەکانی لە ناوچەی باشوورەوە گواستەوە بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لە ناوەڕاستی خەرتوم بە مەبەستی پێشکەوتنی زیاتر لە دژی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
ماوەی نزیکەی دوو ساڵە شەڕی سودان بەردەوامە و دەیان هەزار کوژراوی لێكەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 12 ملیۆن کەس، هاوکات زیاتر لە 100 هەزار کەسیش ڕووبەڕووی مەترسی برسیەتیی بوونەتەوە بە گوێرەی داتاكانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
دوو لایەنی ململانێیەکان کۆنتڕۆڵی هاوبەشیان بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا هەیە، سوپا باکوور و رۆژهەڵاتی کۆنتڕۆڵ كردووە، هێزەکانی پشتیوانی خێراش زۆربەی هەرێمی دارفور و چەند بەشێكی باشووریان بەدەستەوەیە.