2500 خەتیرەی ئاگر

88 هەزار كەس بەشداریی نەورۆزی ئاكرێیان كرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەپێی ئەو زانیارییانەی 964 دەستیكەوتووە، لە رێوڕەسمی نەورۆزی دوێنێ ئێوارە لە ئاكرێ، 88 هەزار كەس ئامادەبوون و سەردانی ئاكرێیان كردووە.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 20.3.2025 رێوڕەسمی كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە ئاكرێ بەڕێوەچوو، كە وەك ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان و گەشتیار تێیدا بەشداربوون، چونكە چەند ساڵێكە ئاكرێ بووەتە پایتەختی نەورۆز.

نێردراوی 964 بۆ ئاكرێ، زانیاریی ئەوەی لە لایەنە بەرپرسەكانی قەزای ئاكرێ وەرگرتووە، دوێنێ 88 هەزار كەس بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمی نەورۆز سەردانی قەزای ئاكرێیان كردووە لە هاوڵاتیانی كوردستان و گەشتیاران.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە 2500 خەتیرەی ئاگر بۆ چوونەسەر چیای كەلێ ئامادەكرابوو.

چیای كەلێ ئەو شوێنەیە كە ئاگری نەورۆزی لێدەكرێتەوە لە ئاكرێ و هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنە دەبێت 340 پلیكانە ببڕێت.

نەورۆزی ئەمساڵ كەوتە ناو مانگی رەمەزانی پیرۆز، بۆیە ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە نەورۆزی ئاكرێ جێی سەرنجە.