کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
گرێبەستەکانمان بپارێزرێن
گەنەڵ ئینێرجی: 107 ملیۆن دۆلارمان لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات گرێبەستە نەوتییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و شایستە داراییەکانی پێشوویان پێ بدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18.3.2025، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیی بەریتانی-تورکی راپۆرتی ساڵی 2024 ـی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کار دەکەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵى بۆرییەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە دەبێت گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانیان پێدابنرێت و بپارێزرێن، هەروەها مافە داراییەکانی پێشوویان بۆ دابینبکرێت.
کۆمپانیاکە دەشڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 19 هەزارو 650 بەرمیلى رۆژانە تێکڕاى نرخى فرۆشتنى یەک بەرمیل 35 دۆلار بووە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتیان لە فرۆشتنی نەوت بۆ ساڵی رابردوو، 74 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بووە و چاوەڕان دەکەن بۆ ئەمساڵ ئەو داهاتەی لە رێگەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ بەدەستیدەهێنن قەرەبووی خەرجییەکانیان بکاتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 107 ملیۆن دۆلاری ئەوان قەرزدارە لەبەرامبەر حەقدەست و بەرهێنانی نەوت لە ساڵی 2023، کۆمپانیاکەش 50 ملیۆن دۆلاری حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزدارە.