چەند ستوونێکی کارەبا لە قەزای پێنجوێن وێنە: 964
وەزیری کارەبا:
“پارەی کارەبای 24 کاتژمێری کەمترە لە پارەی کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی”
964+
شۆڕش قادری
بەقسەی کەمال محەمەد وەزیری كارەبا، ئەو پارەیەی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لێدوانێکی کەمال محەمەدی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، “پڕۆژەی رووناكی کە كارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیانی كوردستان دابین دەكات، خەونێك بوو كە چەندان ساڵە هاوڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانی بوون”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی رووناكی بۆ هاوڵاتیان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی کە ئێستا دەیدەنە هەردوو کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی.
وەزیری کارەبا دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان لەوەی پڕۆژەکە لە سوودی هەمووان دەبێت و 90٪ـی خەڵکی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی رووناكی لە پارەی ئێستای مۆلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی نابێت و ژینگەش پیس ناکات.
کەمال محەمەد داوایش لە هەموو لایەک دەکات، پشتیوانی لە پڕۆژەکە بکەن.
چەند مانگێکە پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە چەند گەڕەکێکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەستیپێکردووە و بڕیاریشە هەموو کوردستان بگرێتەوە، پڕۆژەکەش ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و پێیان وایە مانگانە پارەیەکی زۆریان بۆ دێتەوە.