دیمەنێک لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە _ وێنە: 964
"ئایا نازانن 16/3 یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە؟"
قایمقامی هەڵەبجە داوا دەکات موچەی کەسوکاری شەهیدان رۆژێک زووتر بدرێت
964+
شۆڕش قادری
قایمقامی هەڵەبجە داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەکات، موچەی کەسوکاری شەهیدان لە رۆژی 14 یان 15ـی مانگ دابەش بکەن، چونکە 16.3.2025 یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە.
نوخشە ناسح قایمقامی هەڵەبجە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، ” ئایا نازانن 16/3 یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە؟ بۆ موچەی شەهیدان لەو رۆژە دانراوە؟، کاتێك کەسوکای سەربەرزی شەهیدان لەو رۆژەدا یادی شەهیدەکانیان دەکەنەوە”.
دەشڵێت، تکایە موچەی کەسوکاری شەهیدان لە رۆژی 14 یان 15 مانگ دابەش بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 12.3.2025 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە، رۆژی پێنجشەممە 13.3.2025 بەخانەنشینی شارستانی، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو دەکرێت و رۆژی سێشەممە 18.3.2025 کۆتایی بەدابەشکردنی موچە دێت، رۆژی یەکشەممەش 16.3.2025 کەسوکاری شەهیدان و ئەنفاڵکراوان و خانەنشینانی پێشمەرگە موچە وەردەگرن.