خۆراك و جلوبه‌رگ بۆ خێزانه هه‌ژاره‌كان
هه‌ڵمه‌تێكی فراوان بۆ دابه‌شكردنى كۆمه‌كی خێرخوازى له سنوورى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره به‌م زووانه هه‌ڵمه‌تێكی فراوان له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ دابه‌شكردنى كۆمه‌كى خێرخوازى جێبه‌جێ بكرێت كه بریتییه له خۆراك و جلوبه‌رگ بۆ خێزانه هه‌ژاره‌كان.
كۆمه‌كه‌كه، جگه له سه‌نته‌رى هه‌ولێر، هه‌ریه‌ك له قه‌زاكانى پیرمام، شەقڵاوە، بنەسڵاوە، خەبات و هەریر ده‌گرێته‌وه.
حامید ئیسماعیل كاكه‌یی، قایمقامى قه‌زاى پیرمام به 964ـى وت، دوێنێ له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌شداریان كردووه تایبه‌ت به‌م كۆمه‌كه خێرخوازییه كه له مانگى ره‌مه‌زاندا دابه‌ش بكرێت.
وتیشی “وه‌ك باسكراوه كۆمه‌كه بریتی ده‌بێت له خۆراك و جلوبه‌رگ، به‌بۆنه‌ى مانگى ره‌مه‌زان له‌سه‌ر خێزانه هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دابه‌ش ده‌كرێت”.
هه‌مان ئه‌م دابه‌شكردنى له ته‌واوى پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان ئه‌نجام ده‌درێت و ته‌واوى كه‌لوپه‌له‌كانیش له‌لایه‌ن رێكخراوى UNHCRـه‌وه دابین كراوه.