ئەنجامدانی نوێژ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
سونەتیشە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: زیکر لە کاتی نوێژی تەراویح نابێت بە بیدعە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، بە هێنانەوەی بەڵگەی ئاینی لە نوسینێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، “کە راستە زیکر و سڵاوات لە نێوەندی نوێژەکانی تەراویحدا بیدعەیە؟”.
دکتۆر حەسەن موفتی، دەڵێ، پاش پرسیارکردنی هەندێک لە مامۆستایان سەبارەت بە حوکمی ئەو بابەتە و گومان دروستکردنی هەندێک لە خەڵکی بۆ موسڵمانان کە گوایە ئەو کارە بیدعەیە، بە پێویستمان زانی بڵێین، هەر جۆرە تەسبیحات و زیکری و سڵاواتێک بکرێت لەنێوان دوو رکاعەتەکانی نوێژی تەراویحدا کارێکی موستەحەبب و سونەتیشە.
چونکە وەک خۆی نوسیوویەتی:
یەکەم:
پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) قەدەغەی کردووە نوێژ لەپاش نوێژ بکرێت بە بێ ئەوەی قسەیەک لە نێوانیاندا بکرێت، بێگومان باشترین قسەش زیکری خوایە و سەڵاوات دانە لەسەر پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) وەک ئەو ویردانەی کە لە قەدیمەوە کراوەو دەکرێت لە نێوان تەراویحەکاندا.لەبەر ئەوەی لەکاتی تەراویحدا لەبەر قەرەباڵغی ئاستەمە ڕۆشتن و جێگۆڕکێ کردن بۆیە باشترە فەسڵ بخرێت لە نێوان هەردوو نوێژێدا بەو ویردو ئەورادانە.. هەروەها بێ گومان جیاکردنەوەی هەر دوو بوێژێک کە ئەمری پێ کراوە بە زیکری خودا باشترە لەوەی بە قسەکردن لێکیان جیابکەیتەوە..
دووەم:
ئەسڵ لە هەموو کارێکدا دروستی و ئیباحەیە(الأصل في الأشياء الإباحة) هیچ فەرمودەیەکیش نییە قەدەغەی کردبێت و بفەرموێت لەنێوان نوێژەکانی تەراویحدا زیکری خوا مەکەن، یان سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت؟ مەدەن، کەواتە کارێکی شایستەو دروستە..
سێیەم:
مەشهورە کە هەر لە زەمانی سەحابەو تابیعین دا وەک ئیمامی مالیک باسی کردووە کە خەڵکی مەککە لە نێوان هەر دوو تەراویحێکدا تەوافێکیان کردووە بووەتە سوننەتی هەموو موسوڵمانانیش وەک پێشەوا ابو الحسن الماوري له :(الحاوى الكبير ط دار الفكر (2/ 663) دەفەرموێت:” فصارت سنة قائمة ، ثم عمل بها عثمان ، وعلي ، رضي الله عنهما ، والأئمة في سائر الأعصار ، وهي من أحسن سنة سنها إمام”. هەروەها کەسیش پێی نەگوتوون مەیکەن و بیدعەتە ئەگەر چی پێغەمبەریش نەیکردووە ویردەکانیش بەهەمان قیاس.
چوارەم:
ئەنجامدانی ئەو ویژدانە بە پێی بەڵگەکانی گشتییەکان (عموم الأدلة) فەرمانی پێ کراوە و چەندە بکرێن هەر باشە و گوێڕایەڵی قورئان و سوننەتە کە بێگومان ئەو بەڵگە گشتیانە ئاماژەی تیادا نییە کە لە چ کاتێکدا بکرێن یان نەکرێن یان چەندێ بکرێن.
پێنجەم:
لای زانایانی هەرچوار مەزهەبی ئەهلی سوننەت موستەحەببە لە نێوان هەر چوار رکاعەتێکی تەراویحدا ئیسراحەتێک بکرێت، هەندێکیشیان فەرمویانە لەکاتی ئیسراحەتەکەدا باش وایە زیکرو ویردێک بخوێندرێت.