حاسڵاتی ئەمڕۆ
پەیامی نوێ لە ئیمراڵییەوە و تورکیاش تەماحی هەیە
+964
ژووری هەواڵ
قسەو باسەکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی زۆرن، لە سوریاو دەرودراوسێش گۆڕانکاری زۆر هەن، لە حەسڵات هەمووی کورت و پوخت کۆکراوەتەوە
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە، پەیامی ئەمجارەی بۆ رۆژی ژنانە، تیادا دەڵێت: کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە، بەڵام رۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە.
میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن: سەرەڕای دەستپێشخەریی ئاشتی، تورکیا تەماحی هەیە و وابەئاسانی عێراق بەجێناهێڵێت.
هەندێ میدیاکارای نزیک لە جەهەپە گومانیان هەیە ئەردۆگان بە پرۆسەی ئاشتی رازی بێت، ئەوان دەڵێن ئەردۆگان هەرچییەکی کردووە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست دەکات، چونکە لەوە دەترسێت پرۆسەی ئاشتی لەبەرژەوەندی رۆژئاوای کوردستان تەواو بێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سبەی وەزیرانی دەرەوەو بەرگری و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و تورکیاو ئەردەن و سوریا لە ئەردەن کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەکە بکەن، بە ئەگەرێکی زۆر لوبنانیش بەشدار دەبێت.
دوای ئەوەی چەند رۆژێکە ئاڵۆزی لەپەیوەندییەکانی ئێران و تورکیادا دروست بووە، ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ترکیا لەگەڵ عەباس عەرەقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە جەددە کۆبووەوە، وەزیری دەرەوەی ئۆزبەکستانیش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوو.
ژمارەیەکی زۆری ژنان لە ناوەندی ئاماد بۆ رۆژی جیهانی ژنان کۆبوونەوەو دروشمی ژن ژیان ئازادییان دەوتەوە، هەر لەوێ پشتیوانی خۆیان بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان دەربڕی.
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: هێزەکانی سەر بە جۆلانی دەستیان کردووە بە کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان، ئێمە بە توندی دژی ئەمە دەوەستینەوە.
میدیا ئێرانییەکان دەڵێن: تورکیا هێزێکی زۆری ناردووە بۆ پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بۆ رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی لازقیە.