حاسڵاتی ئەمڕۆ
سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت ئاشتی لە قۆناغێکی گرنگیدایە و دەم پارتیش سەردانی لایەنەکانی تورکیا دەکات
964+
ژووری هەواڵ
قاسم ئهعرهجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند: هەر ئەوەندەی شەڕ کۆتایی هات و پرۆسەی ئاشتی گەیشتە ئەنجام، لەسەر تورکیاو پەکەکە پێویستە هەردووکیان بە تەواوی خاکی عێراق جێبهێڵن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند: سەرەڕای بوونی ئاستەنگ، بەڵام پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ،هەرچەندە چەند لایەنێک هەوڵ دەدەن لە پرۆسەی ئاشتیدا بازرگانی لە نێوان تورکیا و پەکەکە بکەن، بەڵام هەموو هەوڵێکی تێکدانی پرۆسەکە شکست پێ دەهێنین.
شاندی دەم پارتی لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات، بەشێک لە سەردانکەران ئەندامانی شاندی ئیمرالین، سەردانەکانیش بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی پەیدا بکەن.
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: دەمەوێت بڵێم، ئێمە بانگەوازەکەی ئیمراڵی بە ئەرێنی و زۆر بەسوود دەبینین، بۆ ئەمەش بە نیەتێکی باش و بەجدییتەوە پێکەوە کاردەکەین و هیوادارم زوو پرۆسەکە بگاتە ئەنجام.
پارێزەرەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان چوونە ئیمرالی و بە فەرمی داواکارییان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی رێگەی دیداری ئۆجەلانیان پێ بدرێت، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 15 جار دیداری ئۆجەلان و پارێزەرەکانی رەتکراوەتەوە.
سایتی خەبەر تورک دەڵێت: ئۆجەلان داوای لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کردووە، زمانێک بەکاربهێنن لەگەڵ هەستیاری پرۆسەکەدا بگونجێت و دەربارەی ئاشتی بۆ خەڵک بدوێن، پێشی وتوون خاوەندارێتی لە ئاشتی بکەن و خۆتان بکەن بە خاوەنی.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند: لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام بەشەو و رۆژ سیخوڕی لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا دەکرێت و هێرشەکانی تورکیا بەردەوامن.
هەپەگە رایگەیاند: بەهۆی سیخوڕی و هێرشەکانی تورکیاوە سەلامەتی هێزەکانمان خراوەتە مەترسییەوە، بۆیە گەر وابڕوات ناچار دەبین وەڵام بدەینەوە، ئێمە رایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دەبێ دەستبەجێ گەریلاکانی پەکەکە بێ قەیدو شەرت چەک دابنێن و سەرجەم گروپەکانی سەر بەپەکە خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند: لەلای ئێمەوە هیچ بڕیارێک نییە بۆ وەستانی هێرشەکان، ئێمە کاری خۆمان دەکەین و پرۆسەی گەڕان و لێدان لە چەکدارانی پەکەکە بەردەوام دەبێت.
شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی دۆڵی ژاژۆڵانیان کرد لە گوندی گەڵاڵەی سەر بەقەزای ماوەت، بەهۆی نزیکی بۆردوومانەکە گوندنشینەکان هەستیان پێ کردووە.