خێرخوازێک هەزار نوسخەی کڕیوە و دەیدات بە هاوڵاتیان
بارکۆد لە لاپەڕەکانی قورئان دراوە و لەو رێیەوە تەفسیری ئایەتەکان پەیدا دەکەی
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
خێرخوازێکی قەزای خورماتوو هەزار نوسخەی قورئانی پیرۆزی کڕیوە و دابەشی دەکات بەسەر هاوڵاتیاندا، قورئانەکە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە کە هەر لاپەڕەو بارکۆدی خۆی هەیە و لەڕێی ئەو بارکۆدەوە دەتوانی تەفسیری ئایەتەکان پەیدا بکەیت.
ئەکرەم عەبدولکەریم خێرخواز و سەرپەرشتیاری دابەشکردنی قورئانەکە بە 964ـی وت، “خێرخوازێکی دووزخورماتوو کە دەستی لە چەندین کاری خێرخوازیدا هەبووە، هەستاوە بە کڕێنی هەزار نوسخەی قورئانی پیرۆز کە بەشێکی کەمی بەسەر مزگەوتەکاندا و ئەوەی دیکەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردووە”.
“هەر لاپەڕەی قورئانەکە بارکۆدی خۆی هەیە و ئەگەر مۆبایلەکەت لەسەر بارکۆدەکە دابنێی، هەر خێرا و لەڕێی گوگڵەوە تەفسیری وشە و ئایەتەکانی ئەو لاپەڕەیەت بۆ دەدۆزرێتەوە”، ئەکرەم عەبدولکەریم وای وت.
باسی لەوەشکرد، لەسەر خواستی خێرخوازەکە، قورئانەکە دەدرێت بە هەر کەسێک بەو مەرجەی بیخوێنێتەوە و لە ماڵەوە داینەنێت کە تۆزی لێ بنیشێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری