دەزگاى مین
“بەبێ رەزامەندى ئێمە دەستکارى مین و تەقەمەنى مەکەن”
964+
فهرهاد حهسهن
دەزگای كاروباری مینی هەرێم، هۆشداری دەداتە ههر كهس و لایهنێك كە دەستكاری مین و تەقەمەنی بكات چونكە دەڵێت، هەم كارەكهی بهبێ موڵهت نایاساییە و هەمیش سەلامەت نییە بۆ ژیانی خویان و دەوروبەرەكەی.
هۆشدارییەكەی دەزگای مین، دوای بڵاوكردنەوەی ئاگادارییەك دێت بۆ هاوڵاتیانی هەڵەبجە كە لەلایەن (هۆشیار بیاوێڵی)یەوە لە سۆشیاڵ میدیاكانی سنووری ئەم پارێزگایە بڵاوكراوەتەوە داوایان لێدەكات “لە هەر کوێیەک مینێک یان شتێکی نامۆتان بینی پەیوەندیم پێوە بکەن”.
هۆشیار، كەسایەتییەكی دیاری گوندی بیاوێڵەیی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە و ماوەی چەندین ساڵە بەشێوەی خۆرسكانە مین و تەقەمەنی لە شوێنی جیاجیای پارێزگاكەی هەڵگرتووەتەوە و بەوهۆیەشەوە هەردوو قاچەكانی لەدەستداوە.
له ئاگادارییهكهى رووى له هەموو قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان و دەزگا حکومی و ئەهلیەکانیش كردووە كە “هەرکات منتان پێویست بوو بۆ سیمیناری هۆشیارکردنەوە لەمین و تەقەمەنی، ئەوا من ئامادەم”.
عەلی میران، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی دەزگای مینی هەرێم روونیدهكاتهوه كە پێویسن ناكات هیچ كهس و لایهنێك دهستكاری هەڕەمەكییانەى مین و تەقەمەنی بكهن، چونكە دەڵێت “كارێكی نایاسایی و دوور لە رێكاری تەكنیكییه و بۆ خۆشی سەلامەت نییە”.
عەلی میران بە 964ـی راگەیاند “بەپێی یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2007 چوون بۆ ناو كێڵگەی مین بەو شێوەیە نایاساییە و پێویستە رهزامهندى پێشوهخته له دهزگاى مین وهربگرێت”.
پێشتریش هۆشیار لەلایەن دەزگای مینەوە ئاگاداركراوەتەوە كە تخونی ئیشوكاری مین و تەقەمەنی نهكهویت، چونكە دەڵێن، بەم كارانەی كارەكانی دەزگای مین تێكدەدات و زەرەر و زیانیش بەجەستەی خۆی دەگەیەنێت و چەند ساڵێك لەمەوبەریش بۆ هەمان بابەت لە سلێمانی رووبەڕووی دادگایان كردووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی دەزگای مین دەشڵێت “هەر میدیایەك كار و چالاكی و ئاگادارییەكانی ئەو كەسە بڵاوبكاتەوە بەهەمان شێوە نایاساییە”.
بەقسەی هۆشیار بیاوێڵەیی كە لەچەند میدیا و سۆشیاڵ میدیایەك بڵاوكراوەتەوە، تاوەكو ئێستا توانیوێتی زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار مین پوچەڵ بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیە.