لە رانیە
شەقامى قولە نۆژەن دەکرێتەوە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
شەقامى قولە کە دەکەوێتە ناوبازاڕى رانیە، لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە، بەڵام دوکاندارانى شەقامەکە نیگەرانن و دەڵێن، کارەکان بە سستى بەڕێوە دەچن و بەهۆیەوە بەرو بازاڕیان نەماوە.
ئالان ئەحمەد، یەکێک لە خاوەن دوکانەکانى شەقامەکەیە، قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،”زیاتر لە پێنج مانگە کار لەو شەقامەدا دەکرێت سەرەتا کارکردن زۆر سستبوو، هەرچەندە ئێستا تۆزێ باشترە، بەڵام بەهۆی کارکردن لە شەقامی قولە دا، دوکانەکەمان داخستون بەردەمی دوکانەکانمان کاری تێدا دەرکرێت، بەشێک دوکانی شەقامەکە داخراون و بێکار بوون”.
ئەو دوکاندارە داوا دەکات، کارکردنى شەقامەکە زوو تەواو بکرێت بۆ ئەوەى چیتر بێبازاڕ نەبن، بەتایبەت کە ئێستا مانگى رەمەزانە و بەروبازاڕ گەرمە.
پڕۆژەکە شەقامی گوڵەباخ تا بەردەم مزگەوتی گەورە و شەقامی قولە دەگرێتەوە.
لاى خۆیەوە، بەرهەم رەسوڵ سەروکی شارەوانی رانیە بە 964ـى وت،”پێشوتر ئەم شەقامە چاڵوچۆڵى زۆرى تێدابوو و بەرتەسکیش بوو، بەلام ئێستا بە شێوازێکى مۆدێرن فراوان دەکرێت و شەقامەکە کۆنکرێت دەکرێت و فراوان دەکرێت و بەدیزاینێکى نوێى سەردەمیانە، رێکدەخرێتەوە”.
پرۆژەی رێکخستنەوەو نۆژەنکردنەوی شەقامی قولە لەڕانیە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بە بڕی 320 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، لەئێستادا 80%ـی کارەکانی جێبەجێ کراوەو کارکردن لە قۆناغی کۆتایدایە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح