تیمێک خەریکی پاککردنەوەی نەخۆشخانەن وێنە:964
"بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان"
بە هەڵمەتێک بنکە تەندروستیەکانی داقوق پاککرانەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەمڕۆ لەلایەن تیمێکی تایبەتی تەندروستی کەرکوکەوە هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوە و تەعقیم کردنی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانی داقوق دەستیپێکرد، کە ماوەیەکی زۆرە بەو شێوەیە هەڵمەتی پاککردنەوەی بۆ ئەنجام نەدراوە.
فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی داقوق بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە بەمەبەستی دورخستنەوەی پاشماوەی ئەو ڤایرۆسانەیە کە لە دوای نەخۆشەکان جێدەمێنێت و شوێن و جێگای نەخۆشخەکان تەعقیم دەکرێن، چونکە تاکە نەخۆشخانەی گشتییە کە لە قەزای داقوق هەیەو بەردەوام قەرەباڵغی و لۆدی لەسەرە و ئەمەش وادەکات نەخۆشخانەکە بەردەوام پێویستی بەخاوێن کردنەوە و تەعقیمکردنەوە هەبێت.
وتیشی، داواشیان لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کردووە هەڵمەتەکانیان چڕتر بکەنەوە و لایەنی کەم هەفتانە رۆژێک تەرخان بکرێت بۆ تەعقیم و پاککردنەوەی پاشەڕۆ لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانی قەزاکە، بەمەش نەخۆشخانەکە و خەڵکیش تەندروستیان پارێزراو دەبێت”.
لە قەزای داقوق نەخۆشخانەیەک و 15 بنکەی تەندروستی هەیە، بەڵام بەهۆی زۆری رێژەی دانشتوانی سنوورەکە، بەردەوام نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکان جمەیان دێت لەخەڵکی، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دەستکراوە بە دروستکردنی نەخۆشحانەیەکی 100قەرەوێڵەیی لەسنوری قەزاکە، بەڵام بەهۆی سستی لە بەڕێوەچونی کارەکانی، تائێستا تەواونەکراوەو بەتەواوبونی ئەو نەخۆشخانەیەش کێشەی تەندروستی لەقەزاکەدا نامێنێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی