"شاخەکە بەردەوام مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە"

رێگاوبانی سلێمانی چارەسەری گونجاو بۆ رێگای بەردەم تونێلی دەربەندیخان دەدۆزێتەوە

شۆڕش قادری

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەردێکی تر لە شاخی سەر تونێلەکەی دەربەندیخان بەربۆوە و دیواری راگری بەردەم تونێلەکەی رووخاند، قایمقام پەنای بۆ رێگاوبانی سلێمانی برد و داوای لێکردن، چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “شاخی سەر تونێلەکەی دەربەندیخان بەردەوام مەترسی هەرەسهێنان و بەربوونەوەی بەردی لەسەرە، بۆیە داوام لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی کردووە، بۆ ئەوەی سبەینێ لێژنەیەک بنێرن و دەرخستەیەک بکەن و چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە”.

پێشتریش چەند جارێک بەردی گەورە لە شاخی سەر تونێلی دەربەندیخان کەوتوونەتە خوار، هەندێک جار رێگای تونێلەکەیان گرتووە و  ئاستەنگی هاتوچۆیان دروست کردووە.

رۆژی سێشەممە 5.11.2024 سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان قسەی بۆ  964 کرد و وتی، ” چەند بەردێکی گەورە لەسەر شاخی سەر تونێلی دەربەندیخان هەن کە مەترسی کەوتنەخوارەوەیان هەیە، بۆیە چەند حەفارە و بارهەڵگر و ئامێرێکمان برد و دەستمانکرد بە لابردنی گڵ و خۆڵی پشت بەربەستەکانی بەردەم تونێلەکە، بۆ ئەوەی ئەگەر بەرد و گڵی سەر شاخەکە داڕما، بکەوێتە پشتی بەربەستەکە و نەکەونە سەر جادەکە”.

بەقسەی سلێمان محەمەد، ئەگەر ئەو کات ئەو ئامادەکارییەیان نەکردایە، پێدەچوو ئەمڕۆ ئەو بەردە بکەوتایە سەر جادەکە، رێگاکەی بگرتایە و مەترسی گەورەتری دروست بکردایە.