بەدواداچوونی وردی 964

بڕیارەکەی ترەمپ لە کوردستان سەدان کەسی بێکار کردو دەرگای زۆر رێکخراوی داخست

964+

سۆران رەشید

بڕیارێکی ترەمپ گورزی گەورەی وەشاند لە دەیان رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموویان ناچاربوون پرۆژەکانیان راگرن و کارمەندەکانیان ناردەوە ماڵەوە، هەرچەندە هیوایەکی لاواز هەیە کۆمەکەکان بگەڕێنەوە، بەڵام هیواکە ئەوەندە نییە پلانی لەسەر هەڵبچندرێت.

تیمی بەشی ئینگلیزی 964 بەدواداچوونێکی وردو تێروتەسەلی کردووە لەسەر چۆنێتی وەستانی پرۆژەکانی (USAID)و چارەنووسی ئەو پرۆژانە، چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەمریکاوە لەم راپۆرتەدا قسەیان کردووە، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیش قسە لەگەڵ چەند کەسێک کراوە کە بە بڕیارەکە کاریگەر بوون.

ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) گەورەترین ئاژانسی ئەمریکییە بۆ گەیاندنی کۆمەکەکانی ئەمریکا بە وڵاتانی جیهان، لەپڕ بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ کارەکانی ئاژانسەکە راگیرا و هەزاران کەس بێکار بوون.

رۆژی 3ی شوباتی 2025 ئیلۆن مەسک نووسی (USAID دەکوژێتەوە)، ئەم پەیامە بەس بوو بۆ ئەوەی نیگەرانییەکی قووڵ دروست بێت لە بارەی ئاژانسەکە، چونکە ئیلۆن مەسک ئێستا تەنیا گەورە سەرمایەدارێک نییە، بەڵکو وەزیری کارامەییە لە ئیدارەی ترەمپ و قسەکانی ئەو گوزارشتە لە حکومەتی ئەمریکا.

هەر دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و هێرشی توندی کردە سەر ئاژانسەکە، وتی ”لەلایەن کۆمەڵێک شێتی رادیکاڵەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆیە رایدەگرین”.

بۆ ئامادەکردنی ئەم بەدواداچوونە تیمی 964 پەیوەندییان بە دەیان کەسەوە کرد کە پەیوەندییان بە چالاکییەکانی ئاژانسەکەوە هەیە، لەناو ئەوانە شەش کەس ئامادەبوون قسە بکەن، بەو مەرجەی ناویان نەهێندرێت.

تا ئێستا بڕیارەکەی ترەمپ راگرتنی یەکجاری کارەکانی ئاژانسەکە نییە، بەڵکو بۆ ماوەی 90 رۆژ راگیراوە تا ئەو کاتەی پێداچوونەوە بە کارەکانیان دەکرێت.

رێکخراوێک لە عێراق کە یارمەتی ئاوارەکان دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و لە لایەن USAID پاڵپشتی دەکرا، بەرپرسی رێکخراوەکە بە 964ی وت ”فەرمانەکە هەموو پرۆژەکانی ئێمەی راگرت”.

ئەم رێکخراوە زۆربەی پرۆژەکانی لە ناوەڕاستی کارکردندا بوون کە بڕیارەکە کتوپڕ وەستاندوونی، بەرپرسی رێکخراوەکە دەڵێت ”دەیان کەس هەبوون لەگەڵ ئێمە کاریان دەکرد، گرێبەستی هەموویانمان هەڵوەشاندەوە”.

بەشێک لە کۆمەک وەرگرەکانی ئەو ئاژانسە ئەمریکییە تاڕادەیەک گەشبینیان هەیە دوای 90 رۆژەکە بڕیارەکە بە ئاڕاستەی گەڕاندنەوەی پرۆگرامەکان بێتەوە سەر پێی خۆی، بۆ ئەوەش نموونەی ئیدارەی پێشووی ترەمپ دەهێننەوە کە چۆن پاش شەڕی داعش کۆمەکەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زیادکردووە، بەرپرسی رێکخراوەکە دەڵێت ”ئێمە دەزانین پابەندبوونێکی بەهێز هەیە لەلایەن ئەمریکاو USAID بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان”.

چەند هەفتەیەکە سایتی USAID هیچ چالاکییەکی نوێی بڵاونەکردووەتەوەو لەسەر سایتەکە نوسراوە ”بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرمانە جێبەجێکارییەکانی سەرۆکدا بگونجێت، ئەم ماڵپەڕە ئێستا لە قۆناغی چاکردنەوەدایە، دەبێت بە خێرایی و وردی پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکەکاندا بکەین”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە 964ی وت ”پێداچوونەوە بۆ هەموو پرۆگرامەکان دەکرێت بە ئامانجی داڕشتنەوەی هاوکارییەکانمان بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا”.

رۆژی 6ی شوباتی 2025 ئاژانسی USAID رایگەیاند مۆڵەتی کارگێڕی داوە بە ستافەکەی لە ئەمریکاو سەرانسەری جیهان، دەستیکردووە بە بانگهێشتکردنەوەی کارمەندەکانی لە دەرەوەی وڵات.

ئەم بڕیارە لە ناوخۆی ئەمریکاش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، رۆژی 13ی شوبات دادوەرێکی دادگای فیدراڵی ئەمریکا بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی کاتی وەستانی کاری ئاژانسەکە رابگرێت، بەڵام ئەو هەوڵەش هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەم بڕیارە زۆر زۆر بوو، بە نزیکەیی کاری هەموو رێکخراوە ناحکومییەکان پەکیان کەوتووە، ئەوەنەشیان کە هێشتا بەردەوامن کورتهێنان کە بوجەکەیان دروست بووە.

بەشێکی گەورەی ئەم کاریگەرییە بۆ ئاوارەکانە، تا مانگی نیسانی ساڵی 2024، نزیکەی 4.87 ملیۆن ئاوارە لە عێراق دوای ململانێی داعش گەڕابوونەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان، بەڵام هێشتا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە ماونەتەوە، زۆربەی ئەمانە پشتیان بە کۆمەکی رێکخراوە ناحکومییەکان دەبەست کە ئەوانیش ئاژانسە ئەمریکییەکە پارەداری دەکردن.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە قسەی بۆ 964 کرد وتی ”زۆربەی ئاوارەکان لە کەمپەکان دەژین و ماڵ و حاڵیان نییە، ئیتر ئەوان دەستیان بەو کۆمەکانە ناگات و روونیش نییە کەی خزمەتگوزارییەکان دەست پێدەکاتەوە”.

سەرچاوەیەکی تر لەوانەی قسەی بۆ 964 کرد وتی ”بەسەدان کەس بەهۆی ئەو بڕیارەوە بێکاربوون و نازانن روو لە کوێ بکەن، بە ئاسانیش لە جێگەیەکی تر کاریان دەست ناکەوێت”.

سەرەڕای وەستانی کۆمەکەکان بەڵام هەندێ رێکخراوی تر سەرسەختانە لەو شەڕە بەردەوامن و دەست هەڵناگرن، بەرپرسی رێکخراوێک وتی ”کارەکانی ئێمە ئاڵۆزن و پەیوەستن بەو کەسانەی لە توندوتیژی دەربازکراون یان ژیانیان لە مەترسیدایە، خۆ ناکێت لە نیوەی رێ دەستیان لێ هەڵبگرین، بۆیە بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان”.

وتیشی ”بیر لەوە دەکەینەوە ئەڵتەرناتیڤ بدۆزینەوە، چونکە وەک وتم ئەگەر وانەکەین ژیانی ئەو کەسانە دەکەوێتە مەترسییەوە”.

رێکخراوی هارتلاند ئالاینس ئینتەرناشناڵ کە رێکخراوێکی قازانج نەویستە و بنکەکەی لە ئەمریکایە، دوای وەستانی بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێ پڕۆژەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگرت. پرۆگرامی زیانلێکەوتووەکان و دادپەروەری بۆ هەمووان، پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق  و پرۆگرامی مافی کەمینەکان. دووان لەو پرۆگرامانە زیاتر لە ساڵێکە هەن، ئەوەی سێیەمیان تازە دەستی پێکردبوو.

هەژار قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پرۆژەی هارتلاند ئەلاینس ئینتەرناشناڵ، بە 964 وت ”هەموو چالاکییەکان راگیراون، شوێنەکەمان داخراوەو گرێبەستی هەموو کارمەندان هەڵوەشاوەتەوە”.

ئەو دەڵێت ”60 بۆ 65 لە ئەندامانی تیمەکە کارەکەیان لەدەستداوە، ئەمانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، هم تووشی دڵەڕاوکێ و هەم تووشی دۆخێکی سەختی دارایی بوونەتەوە”.

وردە وردە دەنگە ناڕازییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا دژی ئەو بڕیارەی ترەمپ زیاد دەبن، بەڵام نازاندرێت ئاخۆ هیچیان پێ دەکرێت یان نا.

سامانتا پاوەر، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی USAID رەخنەی لە ترەمپ گرتووە و پێی وایە ئەم بڕیارە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و پێگەی جیهانی ئەمریکا دەکات، پاوەر لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: “ئێمە شاهیدی یەکێک لە خراپترین و قورسترین هەڵەکانی سیاسەتی دەرەوەین لە مێژووی ئەمریکادا”.

لە ساڵی 2015 تا مانگی ئازاری 2023، USAID پشتگیری زیاتر لە 900 پڕۆژەی لە عێراقدا کردووە، لەوانە: نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو، دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی و وێستگەکانی کارەبا، گەڕانەوەی ئاوارەکان، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ساڵی 1961 دامەزراوەو ساڵانە چەند ملیار دۆلارێکی لە بوجەی ئەمریکا بۆ خەرج دەکرێت، ئاژانسەکە لەسەرانسەری جیهان نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەری هەیە.

لەبارەی ئەوەی چارەنووسی USAID چی بەسەردێت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەم شێوەیە وەڵامی 964ی دایەوە:

پرۆگرامەکان لە ژێر پێداچوونەوەدان بە ئامانجی داڕشتنەوەی هاوکارییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوە و USAID تیمێکی پشتیوانی هەماهەنگییان پێکهێناوە کە چەندین گروپی کارکردنی تێدایە بۆ دڵنیابوون لەوەی ستافی USAID بە شەفافیەت کاردەکەن و پابەندن بە ئەرکە دەستوورییەکان.

ئەو بەرنامانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان دەکەن بەردەوام دەبن. بەڵام ئەو بەرنامانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمەدا هاوتەریب نین، رادەگیرێن.

بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیزی لێرە کلیک بکە

چەند رۆژێکی تر نهێنی سەرۆکە کوژراوەکە ئاشکرا دەبێت و ئ...

چەند رۆژێکی تر نهێنی سەرۆکە کوژراوەکە ئاشکرا دەبێت و ئەپڵیش زۆری بەدەستەوەیە

بڕیارێكی ترەمپ كێشه‌ى ته‌ندروستى له‌ كه‌مپه‌كانى د...

بڕیارێكی ترەمپ كێشه‌ى ته‌ندروستى له‌ كه‌مپه‌كانى دهۆک دروست كردووه‌