50 کیژۆڵەی ھەڵەبجە بڕوانامەی بواری راگەیاندنیان وەرگرت
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
دوای بەشداریکردنیان لە خولێکی راھێنانی 10 رۆژەدا، کە کونسوڵخانەی کەنەدا لە ھەولێر پاڵپشتی مادی کردووە و رێکخراوی نوێ لە ھەڵەبجە جێبەجێیکردووە، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی بەشداری کردن درایە 50 کیژۆڵەی ھەڵەبجە.
نیھاد ئازاد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە 964ـی وت، لە سەرەتای مانگی دووەوە بە دوو گروپی جیاواز ئەم راھێنانە دەستیپێکرد و بەشێوەی تیۆری و کردارەکی وانەکان خوێندراون و بەشداربووەکانیش لە ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجە و قەزاو ناحیەکانی دەورووبەرییەوە بەشداربوون، ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی بەشداریکردن بەخشرایە ئەو خانمانە.
دەربارەی وانەکانی خولەکە نیھاد ئازاد وتی، رۆڵی ژن و کچان لە میدیادا و چۆنیەتی خۆپاراستن لە توندوتیژی لەلایەن خانمانی رۆژنامەنووس و بە گشتی بابەتە سەرەکیەکانی بواری میدیا ئەو وانانە بوون کە خوێندراون، و ھەریەکەیان لەلایەن پسپۆری بوارەکەوە وتراوەتەوە و دوای خولەکەش ھەوڵدەدەین کە بەپێی پێویستی و داواکاری دەزگاکانی راگەیاندن، ئاسانکاری بکەین بۆ ئەوەی ئەو خانمانە بتوانن بچنە ناو بازاڕی کارەوە.
رۆشنا ساڵح یەکێک لە بەشداربووەکان دەربارەی خولەکە بە 964ـی وت:” ھەموو خولێکی راھێنان خۆنوێکردنەوەیە و زۆریش پێویستە بۆ کەسێک کە بیەوێت بچێتە بوارەکەوە یاخود لە بوارەکەدا بێت، سوودێکی باشمان لە خولەکە وەرگرتووە و بە ھیواین بتوانین بە ھەموومانەوە، ژینگەیەکی تەندرووستی راگەیاندن درووست بکەین و بە ھەموومانەوە، رووبەڕووی ھەواڵی چەوت و ناڕاست بدەینەوە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی