حکومەت: کێشەی ئاو و کارەبای دەربەندیخان چارەسەر بکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لەدوای هەفتەیەک خۆپیشاندانی خەڵکی دەربەندیخان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبای قەزاکە.

لەراگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، گفتوگۆ کراوە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبای دەربەندیخان، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان حکومەت راسپێردران، کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.

ماوەی هەفتەیەکە توێژە جیاوازەکانی دەربەندیخان، دژی نەبوونی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە و خراپی رێگە و بان و کەمیی کارەبای نیشتیمانی و هەندێک گرفتی دیکەی قەزاکەیان، لە بەردەم مزگەوتی گەورەی قەزاکەیان خێوەتیان هەڵداوە و رۆژانە بە دەم وتاردان و چا خواردن و هەڵپەڕکێوە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.

دەستەکە کار لەسەر دڵنیابوونەوە لە کوالێتى پەروەردە و خوێندن لە هەرێمى کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەکات و ئامانجى سەرەکى هەڵسەنگاندن و پێدانى بڕوانامەى منماتە، پاراستنى کوالێتى پەروەردە و خوێندنە.

بۆ یەکەمجارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستەی وا پەسەند دەکرێت.

بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، ئەنجوومەنی وەزریران كەمپینێك رادەگەیەنێت و دەڵێت، “پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.”