دیمەنی گوندی پریس _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
کابینەی موختارەکەیان کۆتایی هات
خەڵک لە گوندی پریسی خواروو ئەحتیاجی موختارێکی ترن
964+
ئەحمەد مستەفا
گوندی پریسی خواروو کە نزیک بە ناحیەی سیروانە لە هەڵەبجە، موختارەکەیان کابینەی حکومڕانییەکەی تەواو بوو، جەماعەتی قایمقامیەتی هەڵەبجە دەستیان کردووە بە ریکلام، ئەگەر هەرکەسێ بیەوێ جێگەی بگرێتەوە بچێ خۆی بسلەمێنی.
ئیستا بەهۆی خوێندنی منداڵەکانیان و ئیش و کاریان لە شار، چوار ماڵێک لە گوندەکە ماونەتەوە.
بورهان عەلی، کە زیاتر لە 10 ساڵە موختاری گوندەکەیە، ئیتر کابینەکەی تەواو بوو، ئێستا کۆمەڵە موختارەکان و قایمقامیەتی هەڵەبجە دەیانەوێت، کەسێک لە دانیشتووانی گوندەکە خۆی بەربژێر بکات و ئەو بەرپرسیارێتییە وەربگرێ.
گۆران سەعدی، دانیشتووی گوندی پریس بە 964ی وت، گوندی پریسی خواروو ئیستا پێویستی بە موختارە، کە زیاتر رۆڵیان هەیە لە ئەرکی کشتوکاڵی و زەوی و زار و رێکخستنی پەیوەندی نێوان خەڵکی گوند و دەزگا میرییەکانی سیروان و پارێزگای هەڵەبجە.
ئێستا، قایمقایەتی هەڵەبجە دەیەوێت موختاری نوێ دابنێ، داوای کردووە کێ لە توانایدا هەیە، ببێت بە موختاری گوندی پریسی خواروو، با سەردانی کۆمەڵەی موختارەکان بکات و ناوی خۆی تۆمار بکات تا ببێتە کاندید و کەسێک دەست نیشان بکرێ.
رۆژی، پێنجشەمە 20.2.2025 کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناو.