"بەبیانووی چاوپۆشیکردن لە جوتیاران"
فەرماندە کوردەکەی سوپای عێراق لە سەرگەڕان گواسترایەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
فەرماندە کوردەکەی سوپای عێراق بە بیانوی چاو پۆشیکردن لە جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان، گواسترایەوە بۆ بارەگای سەربازگەی کەیوان و مولازمێکیش بەندکرا.
دوێنی یەکشەممە 16.2.2025 و دوای گردبوونەوەی جوتیارانی چەند گوندێکی ناحیەی سەرگەڕان لە گوندی شەناغە، سوپای عێراق چووە گوندەکە و یەکێک لە ئەفسەرانی سوپاکە بە پلەی عەقید روکن کە کوردە، بە بیانوی ئەوەی بە نەرمی مامەڵەی کردووە لەگەڵ جوتیاران، لە شوێنەکەی گواسترایەوە و گواستەوە بۆ مولازمێکی بەڕەچەڵەک عەرەبیش بەند کرا.
سەرچاوەیکی سەربازی لە سوپای عیراق بە 964ـی وت، “عەقید روکن رێبەر مزوری فەرماندەی یەکێک لە فەوجەکانی فیرقەی 8ـی سوپای عێراق بوو لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان، دوێنی بە بیانوی ئەوەی نەرمی نواندووە لەگەڵ جوتیارانی کورد، بڕیار درا بە گواستنەوەی بۆ ناو سەربازگەی کەیوان و هەروەها ئەو ئەفسەرەی سەرەتا گەیشتە لای جوتیاران، سزای سەربازی درا.”
محەمەد عەلی یەکێک لە جوتیارە بەئەزمونەکانی گوندی پەڵکانە بە 964ـی وت، “بەفەرمی داوام لە فەرماندەی فیرقەی 8 کرد کە ئەو فەرماندە کوردە بگەرێننەوە، ئەویش بەڵێنی پێدام کە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قسە بکات”.
دوێنێ یەکشەممە 16.2.2025 جوتیارانى کوردى چەند گوندێکی سنوورى ناحیەى سەرگەڕان، دژى سوپاى عێراق گردبوونەوە و بەقسەی خۆیان دەیانەوێت ئەو ئابڵوقەیە بشکێنن کە سوپا خستویەتییە سەریان و رێگرى دەکەن لە جوتیاران بۆ ئەوەى زەوییەکانیان بکێڵن، ئەمڕۆش ئاڵۆزئ لە نێوان سوپای عێراق و جوتیاران دروستبوو.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری