داوای دامەزراندن دەكەن

دوو هەفتەیە مامۆستا وانەبێژەكانی شنگال بایکۆتی دەوامیان کردووە

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

ماوەی دوو هەفتەیە وانەبێژانی شنگال بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەهۆی نەبوونی دامەزراندن، نوێنەری وانەبێژانی شەنگالیش دەڵێت، ساڵانێکی زۆرە بەڵێنی دامەزراندنی مامۆستایان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەی گرێبەست دانەمەزراون.

ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 سوفیان کەریم نوێنەری وانەبێژانی شەنگال بە 964ـی وت، لە قەزای شنگال هەزار وانەبێژ هەن، کە دانەمەزراون، ئێمە دوو هەفتەیە بایکۆتی دەواممان کردووە، بەشێک لە مامۆستایان ماوەی چوار ساڵە دەوامیان کردووە و بە گرێبەستیش دانەمەزراون .

وتیشی، “لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا 16 هەزار کەس بە شێوەی گرێبەست لە پارێزگای نەینەوا دامەزراون، دوو ساڵ لەمەوبەر بەڵێنمان پێدرا لەسەر بنەمای گرێبەست لەگەڵ ئەو 16 هەزار کەسە لەسەر حکومەتی عێراق دابمەزرێین، بەڵام تا ئێستا هیچ قسە لەسەر دامەزراندنی ئێمە بە شێوەی گرێبەستیش نییە”.

بە پێی ئامارێکی پەروەردەی شنگال، كە 964 وەریگرتووە، لە قەزای شنگال 78 قوتابخانە هەن و 20 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکاندا دەخوێنن .

ئەمە لە كاتێكدایە لە 25.8.2024 حكومەتی هەرێم بڕیاری دا نزیكەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆ بكات بە گرێبەست و لە ماوەی مانگێكیشدا بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت.

به‌پێی بڕیارەكەی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان، ئه‌و موچه‌یه‌ى له‌ مانگی 10ـەوە وه‌ریده‌گرن 400 هه‌زار دینارە و به‌پێی بڕوانا‌مه‌كانیشان ده‌بێته‌ 500 هەزار دینار.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"هەفتەی داهاتوو موچەی سێ مانگى مامۆستایانی گرێبەستى هه‌ولێر و دهۆك خه‌رجده‌كرێت"