تیمێکی ئەمریکی سەردانیان کرد
پڵنگەکەی باتیفا قەڵەو بووە و پێویستی بە مێیەکە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
تیمێکی دوو کەسی لەئەمریکاوە سەردانی پڵنگەکەی باتیفایان لە باخچەی ئاژەڵانی دهۆک کرد کە قاچێکی لەدەستداوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدا دایە.
لە 28.1.2021 لە قەزای باتیفای سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پلنگێک لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە بریندار کرا و قاچێکی لەدەستدا، پڵنگەکە یەکێکە لە دەگمەنترین پڵنگەکانی جیهان، ئێستا تەمەنی 11 ساڵە و لە باخچەی ئاژەڵانە لە دهۆک و لەلایەن دکتۆرێکی ڤێتەرنەری چاودێری دەکرێت.
د. سلێمان تەمەر سەرۆکی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵان چەند ڤیدیۆیەکی تایبەت بە 964ـی ناردووە و دەشڵێت، “تەنیا لە کامێرای چاودێرییەوە سەیری جوڵە و چۆنیەتی خواردن و کاتی دەرکەوتنی لە ژوورەکە دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر زانیاری وردمان لەسەری هەبێت”.
“چەند مانگێک لەمەوبەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی پڵنگەکەم بۆ یەکێک لە شارەزایانی بواری ئاژەڵان لە ئەمریکا نارد، ئەو پێی وتم لەسەر حیسابی خۆم دێم و چاودێری دۆخی پڵنگەکە دەکەم”، د. سلێمان وای وت.
باسی لەوەشکرد، تیمێکی دوو کەسی لە ئەمریکاوە هاتوون و پڵنگەکەیان لەنزیکەوە بینیوە، تیمەکە سەرسام بوون بە بینینی پڵنگەکە و وتوویانە یەکێکە لە دەگمەنترین پڵنگەکانی جیهان، ئاماژەیان بەوەشکردووە، پڵنگەکە قەڵەو بووە، ئەوەش بۆ تەندروستیی باش نییە و دەبێت جوڵەی زیاتر بکات و پێویستی بە پڵنگێکی مێیە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری