مانگرتن شکێندرا

ئەو قورئانەی بڕیاری بە مانگرەکان گۆڕی؛ لە 13 کەسەوە تا هەزاران

964+

ژووری هەواڵ

دوای 15 رۆژ مانگرتووەکانی سلێمانی مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئیتر لەمڕۆوە دەست لە مانگرتن هەڵدەگرن، مانگرتووەکان بۆ چارەسەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارو چەند رۆژێک لەوێ دەمێننەوە تا هێزیان دێتەوە بەر.

رۆژی 28.01.2025 سیانزە مامۆستاو فەرمانبەر چوونە بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، لەوێ خێمەیەکیان هەڵداو رایانگەیاند مانیان لە خواردن گرتووەو دەست هەڵناگرن تا ئەو کاتەی داخوازییەکانیان جێبەجێ دەبێت.

داخوازییەکانیان روون و رەوان بوو، تەوتینکردنی موچەو پێدانی موچە لەکاتی خۆیداو پلە بەرزکردنەوە لە ساڵی 2016ەوە کە راگیراوە.
سێیەم رۆژی مانگرتنەکە وەفدی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە چارەسەر بۆ کێشەی موچە، بەڵام مانگرەکان دڵیان بەمە ئاوی نەخواردەوە.

سلێمانی چاوەڕوانی بەغدایە تا داواکاری مانگرتوان جێبەج...

سلێمانی چاوەڕوانی بەغدایە تا داواکاری مانگرتوان جێبەجێ بکرێت

رۆژەکانی سەرەتا خەڵک ناوە ناوە سەردانیان دەکردن و چاوی میدیاکانیان لەسەربوو، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئاستی پشتیوانییەکە زیادی دەکرد.

رۆژ بە رۆژ دۆخی تەندروستی مانگرتووەکان تێکدەچوو، چەند تیمێکی تەندروستی بەدیاریانەوە بوون و ئاگایان لێیان بوو، موغەزی و ئاویان بۆ هەڵدەواسرا تا جەستەیان شەکەت نەبێت، بەڵام ئەوەش دادی نەدان و هەندێکیان چەند جارێک بە ئەمبۆڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

رۆژ تێدەپەڕی و خێمەی مانگرتووەکان دەبووە مەنزڵی هەزاران کەس، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار، خەڵکی شار هەموو روویان لە مانگرەکان دەکرد.
دەیان هونەرمەندو رۆشنبیرو خوێنەوارو چالاکوانی شار چوونە لای مانگرتووەکان و پێیان دەوتن پشتیوانتانین، ئەمەش گوڕو تینی مەعنەوی دەبەخشییە مانگرەکان.

ئەم مانگرتنە بۆ خەڵک نامۆ بوو، چونکە لەساڵی 1991ەوە چالاکی لەو شێوەیە رووینەدابوو، ئێوە دەزانن رۆژی 05.12.1991 لە شاری سلێمانی 25 گەنج لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان مانیان لە خواردن گرت و داوای پاراستنی کوردیان دەکرد، ئەوکات هەزاران کەس چوون بەرەوپیریان، ئەم چالاکییە لە کەلاریش ئەنجامدرا.

34 ساڵە خۆپیشاندان و مانگرتن نەبووە حەمەی مانگری تێدا ن...

34 ساڵە خۆپیشاندان و مانگرتن نەبووە حەمەی مانگری تێدا نەبێت

مانگرەکان لە دۆخێکی سەخت و ناڕەحەتدا بوون، نان نەخواردن بڕشتی لێبڕیبوون، لە بەختی ئەوان ئەو چەند رۆژە سەرما و سۆڵەو بەفرو بارانێکی بەهێزبوو، ئەمەش مەترسی خستبووە سەر ژیانیان.

خەڵک لەوە دەترسان شتێکیان لێبێت، بۆیە ئیتر داوایان لێدەکرا دەست لەمانگرتن هەڵبگرن.

رۆژی 03.02.2025 واتە لە هەشتەم رۆژی مانگرتنەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو بە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکانی وت: په‌يام و داواكاريى مامۆستايان و مووچه‌خۆران به‌گشتی، به‌ ته‌واوى به‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان گه‌يشتووه‌، بۆيه‌ داوايان لێ ده‌كه‌م ڕه‌چاوى بارى ته‌ندروستييان بكه‌ن و ده‌ست له‌ مانگرتن هه‌ڵبگرن.

پشگیریتان دەکەم، داواتان لێدەکەم لە بەر باری تەندروست...

پشگیریتان دەکەم، داواتان لێدەکەم لە بەر باری تەندروستیتان دەست لە مانگرتن هەڵبگرن

شەوی دواتر بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چووە لای مانگرەکان و هەمان داوای لێکردن، دوای ئەوەش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ هەمان مەبەست چووە خێوەتەکەیان، نە پەیامەکەو نە سەردانەکە دۆخەکەی نەگۆڕی و مانگرەکان سووربوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان.
خەڵک دەچوون بە دیاریانەوە دەگریان، چونکە لەوە دەترسان شتێکیان لێبێت، بەڵام ئەوان هەر موکوڕ بوون.

لە سیانزەهەمین رۆژی مانگرتنەکە گۆڕانکارییەکی نەوعی روویدا، ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستاو فەرمانبەر بۆ گەیاندنی داوای مامۆستا مانگرتووەکان روویان کردە هەولێر، ئەوان وتیان بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەچن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێیان پێنەدراو پاش چەند سەعاتێک وتنەوەی دروشم و هەوڵدان، بێهیوابوون و گەڕانەوە.

لە رۆژی چواردەهەم دایەخانێک بە قورئانێکەوە چووە ناو چادری مانگرەکان و وتی مەعز بۆ خوا بۆ خاتری ئەم قورعانە مانگرتنەکە بشکێنن، پەیامێری 964 لەوێ بوو ئەم دیمەنەی گواستەوە، مانگرەکان بەمە دڵیان پڕ بوو، وتیان قورئانەکە لەسەر سەرمان بەس جارێ نایشکێنین.

"بیکەن بە خاترى ئەو قوڕئانە مانگرتن بشکێنن"

گۆڕانکاری هەرە دیار ئەوەی ئەمڕۆ بوو، لە رۆژی پانزەهەمدا بەسەدان دوکان لە بازاڕەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ پشتیوانی مانگرەکان بۆ سەعاتێک داخران، کاسبکارەکان دەیانوت دوکان چییە، ماڵ و منداڵیشمان دەکەینە قوربانی مانگرەکان.
هەر دوای ئەوە لە سەعات دوو بە هەزاران کەس چوونە لای خێمەی مانگرەکان هاواریان لێدەکردن (بیشکێنن بیشکێنن) لەسەر ستەیجیش بەناوی خەڵکەکەوە داوایان لێدەکرا لەبەر ژیانی خۆیان و کەسوکاریان مانگرتنەکە بشکێنن.

مانگرەکان بۆ بیروڕا گۆڕینەوە چوونەوە ناو ئەو خێمەیەی کە خەڵک ناوی نابوو (خێمەی شکۆ) دوای چەند دەقەیەک وتویژ کە هاتنە دەرەوە پەیامێری 964 لەلاوە لێی پرسین قەراری چیتان داوە، ئەوانیش پێیان وت کە دەیشکێنن.
نوێنەری مانگرتووەکان چووە سەر ستەیج و وتارێکی پڕ مانای خوێندەوە، زۆر سوپاسی خەڵک و چالاکوانان و تیمە تەندوستییەکان و میدیاکاران و پۆلیسیان کرد، گلەیی زۆریان هەبوو لە هێزە دەسەڵاتدارەکان کە هیچیان بۆ نەکردوون، گلەییان لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش کرد وەک پێویست لە پشتیان نەبوون و بگرە هەندێجار تۆمەتیان خستووەتە پاڵیان.

وتیان هەرچەندە زۆر داوامان لێکرا کە مانگرتنەکە بشکێنین، بەڵام بە قسەی کەسمان نەکرد، ئەمڕۆ لەسەر داوای ئەم خەڵکە لەسەر داوای ئەو دایەخانەش کە دوێنێ قورئانەکەی بەرزکردەوە، بڕیارماندا مانگرتنەکە بشکێنین.

خەڵکەکە هەموو بە چەپڵەو هاوار دەستخۆشیان لێکردن و سۆشیال میدیاش پڕبوو لە کۆمێنتی شانازی و پیاهەڵدان، مانگرەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارو سەدان کەس بۆ پشتیوانی لەگەڵیان رۆشتن.

هاوڵاتیان داوا دەكەن مانگرتووان مان بشكێنن

هاوڵاتیان داوا دەكەن مانگرتووان مان بشكێنن

لەماوەی ئەم چەند رۆژە تیمی 964 بۆ سەعاتێکیش پێیان لە خێوەتی مانگرەکان دانەبڕی و بەردەوام داوای ئەوان و پەیامی ئەو خەڵکەیان دەگواستەوە کە بۆ پشتیوانی دەچوون، رووماڵێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە سات بەسات ئەوەی روویدەدا بە خەڵکمان دەوت.
هەردوو هاوکارمان دیلان و هەردی رەنگورووی مانگرەکانیان گرتبوو، چەند جارێکیش شەو لەگەڵیان مانەوە، مانگرەکان پێیان وتن 964 وەک مانگرتوو لەگەڵ خۆمان حیساب دەکەین.

ئەمڕۆ چیرۆکی 15 رۆژ مانگرتنی مامۆستاو فەرمانبەران کۆتایی هات، چیرۆکێک کە زۆر پەیامی ماناداری هەڵگرتبوو