کارەکانی پڕۆژەی کارەبا لە ناحیەی پیرەمەگروون - ئەرشیف
سەرەمحاویلەی گەڕەكەكانیش كۆتایی پێدێت
چارەسەری كارەبای ناحیەی پیرەمەگروون دەكرێت و لۆدی سەر فیدەرەكانی نامێنێت
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوو ساڵ زیاترە، لۆدێكی زۆر لەسەر وێستگەی كارەبای ناحیەی پیرەمەگروون دروست بووە، كارەبای ناحیەكەش بە ناچاری سەرەمحاویلە پەیڕەو دەكات، لێپرسراوی هۆبەی چاكسازی كارەبای پیرەمەگروونیش دەڵێت، محاویلەیەكی تازەیان بۆ داناون و لە ماوەیەكی كەمدا ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت.
سەرەمحاویلەكە بە جۆرێكە پیرەمەگروون دەكات بە دوو بەشەوە، هەریەكێكیان بە جیا كارەبایان پێدەرێت، واتا هەركاتێك لایەكیان كارەبای هەبێت، ئەویدیكەیان بێ كارەبایە، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی لۆدە لەسەر وێستگەی كارەبای پیرەمەگرون و پارێزگاریكردنە لە كەوتنی كارەبای ناحیەكە.
لەوبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە 11.2.2025، ئەبوبەكر عەبدوڵا لێپرسراوی هۆبەی چاكسازی تۆڕی كارەبای پیرەمەگروون بە 964ی وت، لە چوارچێوەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای ناحیەی پیرەمەگروون، محاویلەیەكی 32 مێگاواتی بۆ وێستگەكەمان زیادكراوە، نزیكەی دووساڵە كاری تێدا دەكرێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە كارەكانی محاویلەكە و فراوانكردنی وێستگەكە تەواو بووە، تەنیا دەرچوونی فیدەرەكان و راكێشانی هێڵێك لە وێستگەكەوە بۆ ناو پیرەمەگروون ماوە، راكێشانی هێڵەكەش دراوە بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، وابڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو دەستبەكاربێت و ماوەی 65 رۆژ بۆ تەواوكردنی دادەنرێت.
وتیشی، “پێشتر وێستگەی كارەبای پیرەمەگروون بۆ هاوبەشانی كارەبای ناو ناحیەكە و گوندەكانی دەورووبەریشی خاوەنی تەنیا شەش فیدەر بوو، بە فراوانكردنی وێستگەكە ئێستا خاوەنی 12 فیدەرین، تەنیا سێ فیدەری تازە كارپێدەكەین، دانەیەك بۆ گوندەكان و دووانیش بۆ هاوبەشانی ناحیەكە دەنێرین، واتا بە نۆ فیدەر كۆنتڕۆڵی دۆخی كارەبای پیرەمەگروون دەكەین”.
ئەو پێشی وایە، بە فراوانكردنی وێستگەكە، ئەو سەرەمحاویلەی گەڕەكەكان كە ساڵانێكە لە وەرزی سەرما و گەرمادا دروست دەبوو، كۆتایی پێدێت و چارەسەری ئەو گرفتە دەكات.
“بە تەواوبوون و كارپێكردنی ڤیدەرە تازەكان، لۆدی سەر وێستگەكە نامێنێت، گرفتی ئەو ڤۆڵتییە نزمییەی كارەباكەش كە ئێستا هەیەتی، خۆمان بە ناچاری پەنامان بردووەتەبەری بۆ پارێزگاریكردن لە تۆڕی كارەباكەمان، چارەسەر دەبێت” ئەبوبەكر عەبدوڵا وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا