"پاڵپشتییان دەكەین"
قایمقامی سلێمانی: داواكاریی مانگرتووان بۆ هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدایە
964+
دیلان محەمەد
قایمقامی ناوەندی سلێمانی پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاری مانگرتووانی سلێمانی دەربڕی، راشیگەیاند داواكارییەكانی ئەوان بۆ حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادییە.
ئاوات ئەحمەد ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەردەم خێمەی مانگرتووانی سلێمانی بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، مانگرتووان داواكانیان رەوایە و پاڵپشتییان دەكەن.
وتیشی، داواكاری ئەوان داواكاریی هەمووانە و كارێكی مەدەنییە و زیانیان بە كەس نەگەیاندووە، داواكارییەكانیشیان بۆ حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادییە.
13 رۆژە ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی لە بەردەم ئۆفیسی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و چەند داواكارییەكیان هەیە، ئەوانیش موچە لە كاتی خۆی، پلەبەرزكردنەوە و تەوتینی موچە لە بەغدا و چەند داواكارییەكی دیكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا