دانانی خێمەی سێیەم لە نزیک نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی لەلایەن مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو _ وێنە: عوسمان گوڵپی
"رەوشی مانگرتووان خراپ نییە"
وتەبێژی مانگرتووان: پێیان وابوو خێمەکان لادەبەین، خێمەیەکی دیکەمان دانا
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرەڕای ئەوەی هەشت رۆژە، دوو خێمەیان لەنزیک نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی داناوە، بەڵام مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ خێمەی سێیەمیان دانا.
964 قسەی لەگەڵ، عوسمان گوڵپی، وتەبێژی مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو کرد، ئەو وتی، هەندێک پێیان وابووە، دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەی هەن ئێمە کۆتایی بە مانگرتن دەهێنین، بەڵام ئێمە خێمەیەکی دیکەمان داناوە و دانانی خێمەی سێیەم، بۆ سێ هۆکار بووە؛
یەکەم؛ کەشوهەوا بەرەو ناجێگری دەچێت و فراوان بوونی نارەزایەتییەکان و ئەگەری باران بارین پێویستی بە شوێنی مانەوەی دیکە دەکرد.
دووەم؛ خەڵکێکی زۆر رۆژانە سەردانمان دەکەن و پێویستیان بە پێشوازی لێ کردنە.
سێیەم؛ پەیامێکە، تا هەموولایەک لەوە بگەن، نیەتی پێچانەوەی خێمەکان و شکاندنی مانگرتنەکەمان نیە.
لە بارەی رەوشی مانگرتووەکان وتەبێژەکەیان وتی، تەندروستیان خراپ نییە، ئەوەی پێویست بێت لە رووی تەندروستی تیمەکانی فریاکەوتن بۆیان ئەنجام دەدەن، دەربارەی ئەگەری بوونی مەرج بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان، گوڵپی وتی، مەرجێک نییە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتن، بەڵکو ئەوەی هەیە واقعی دۆخەکەیە کە گۆڕانکاریەیکی بنەڕەتی تێدا دەربکەوێت.