بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی

ئەو کەسەی ویستی لە سلێمانی سکوید گەیم ئەنجام بدات لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا

964+

دیلان محەمەد -سلێمانی

لە سلێمانی کەسێک ویستی یاری سکوید گەیم ئەنجام بداتەوە، بەڵام ئاسایش پێیزانی و دەستگیریکرد، بە تۆمەتی ئەوەی ”بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی کردووەو بێمۆڵەت خەڵکی کۆکردووەتەوەو پارەی وەرگرتووە”.

رۆژی 14.01.2025 کەسێک لە سلێمانی رایگەیاند دەستیکردووە بە ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی درامای بەناوبانگی کۆری ”سکوید گەیم”، وتیشی ناوی (456) کەسی تۆمارکردووەو هەریەکەش بڕێک پارەیان لێ وەرگیراوە کە دەگاتە 13 هەزار دینار.

ئەوکات پەیامنێری 964 لەو کەسەی پرسی ئاخۆ مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئەویش وتی کارەکە پێویستی بە مۆڵەت نییە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە بەشداربووانی یارییەکە رایانگەیاند کە کەسەکە دیارنەماوە گروپچاتەکانیش داخراون و هیچ سۆراغێکی نازانن.

پەیامنێری 964 لای ئاسایشی سلێمانی پرسیاری کرد، ئەوانیش وتیان ئەو کەسە بەبڕیاری داوەر دەستگیرکراوەو لەلای ئەوانە بە تۆمەتی ”بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی کردووەو بێمۆڵەت خەڵکی کۆکردووەتەوەو پارەی وەرگرتن”.

ئاسایش دەڵێت: ئەو کەسانەی پارەیان خوراوە دەتوانن سەردانمان بکەن و سکاڵا ئەنجام بدەن.
سکوید گەیم درامایەکی بەناوبانگی کۆرییە، بەشداربووەکان دەچنە ناو چەند یارییەکەوە، ئەوانەی بدۆڕێن دەکوژرێن، تاکە کەسێک دەمێنێتەوە هەموو پارەکە دەباتەوە.

سکوید گەیم لە سلێمانی دووبارە دەکرێتەوە

سکوید گەیم لە سلێمانی دووبارە دەکرێتەوە