چاوەڕێى بەراوردن بە رووفاتەکان

تەواوى کەسوکارى ئەنفالکراوانى کۆیە سامپڵیان لێوەرگیراوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

550 کەسوکارى دیکەى ئەنفالکراوانى سنوورى قەزاى کۆیە سامپڵى خوێنیان لێوەرگیرا، بۆ ئەوەى لەگەڵ بەشێک لەو رووفاتانەى لە پارێزگای سەماوە دۆزرابوونەوە، بەراورد بکرێت.

پێشتر 321 کەسوکارى ئەنفالکراوى سنوورى کۆیە سامپڵى خوێنیان لێوەرگیرابوو، سامپڵەکانیش دەبرێنە تاقیگەیەکى تایبەت لە بەغدا و لەگەڵ ئێسک و پروسکى رووفاتەکانى سەماوە بەراورد دەکرێن.

تاڤگە حەمەساڵح، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە، بە 964ـی وت، تیمێکی پزیشکی دادی عێراق و رێکخراوی ICMB بۆ ماوەی نۆ رۆژ لە زانکۆی کۆیە دەمێننەوە، تاوەکو بەشى دووەمی کەسوکاری ئەنفالکراوان کە ژمارەیان 550 کەسە لەو ماوەیەدا سامپڵی خوێنیان وەربگیرێت و لەگەڵ رووفاتەکان بەراورد بکرێت تاوەکو بناسرێنەوە.

وتیشی،” تەواوی سامپڵەکانی هەردوو بەشەکە، لە ڕێگەی تاقیگەیەکی تایبەتی پارێزگای بەغداد پشکنینەکان هاوتاکردنیان بۆ دەکرێت، تاوەکو لەو رێگەیەوە رووفاتەکان بناسرێتەوە و کاری هێنانەوەیان بۆ بکرێت”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بەڵێنیان پێدراوە هەرکاتێک پشکنینەکان تەواو بوون و رووفاتەکان ناسرانەوە کە هى کۆیەن، ئەوا دەبرێنەوە بۆ کۆیە و بەخاکیان دەسپێرن.

ژمارەی ئەنفالکراوەکان لە سنووری قەزای کۆیە 866 کەسە، لەو ژمارەیە رووفاتی 172 یان لە دەشتی سەماوەوە هێندراوەتەوە کوردستان و لە چەمچەماڵ نێژراون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح