هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سبەی دانیشتن هەیە
پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدات؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە سبەی یەكشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و یەكێك لە بڕگەكانیش دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای بودجە بۆ 2025.
كۆبوونەوەكە سبەی كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ دەستپێدەكات و بە پێی راگەیاندراوی پەرلەمانی عێراق، چوار بڕگە لە بەرنامەی كاردان، یەكێك لەوانە دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای بودجە.
یەكێک لە خاڵەكانی هەموارەکە، پرسی بەرهەمهێنانی نەوتە لە كوردستان، كە كێشەیەكی نێوان هەرێم و بەغدایە، بە پێی هەموارەكە بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت دەدرێتە هەرێمی كوردستان، كە كوردستانیش دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان.
هەر بە پێی هەموارەكە، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لە رێگەی وەزارەتی نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاری بێنێت.
چاوەڕوان دەكرێت بە دەنگدان بەم هەموارە، بەشێك لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە پرسی بودجە و موچە چارەسەر ببێت، كە ئێستاش شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدان و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ پرسی موچە و شایستە داراییەكان.
بڕیاربوو هەفتەی رابردوو هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام لە پەرلەمان بەهۆی ناکۆکی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر برگەی تەرخانکراوی دارایی بۆ تێجووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم، دانیشتنەکەیان بەجێهێشت، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان، وتراوە، کۆدەنگی دروست بووە لەسەر تێپەڕاندنی هەموارەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەوەتەی ئاداری 2023 وەستێندراوە و بەمەش بە گوێرەی خەمڵاندنی حكومەتی هەرێم، زیانێكی زۆری ئابووری بەر كوردستان و بەغداش كەوتووە.
بە پێی راگەیاندراوی پەرلەمان، بڕگەكانی دیكەی دانیشتنی سبەی، دەنگدانە لەسەر یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی، یەكسانكردنەوەی بڕوانامە و پلە زانستییەكان لەسەر ئاستی عەرەبی و بیانی، هەروەها بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە.