زێدەڕۆیی بازاڕەكانی هەولێر لادەبرێن
هەڵمەتی شارەوانییە
زێدەڕۆیی بازاڕەكانی هەولێر لادەبرێن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و کاسبکاران بە تایبەتی، هەڵمەتی رێكخستەوە و لابردنی زێدەڕۆییەكانی ناو چەند بازاڕێكی شاری هەولێریان ئەنجامدا.
شارەوانیی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، تەواوی سەنتەری شار رێکدەخرێتەوە و گرنگی زیاتر بە بازاڕەکان دەدرێت، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.1.2025 لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی یەک
بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی رێکخستنەوە و لادانی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی بۆ هەر یەک لە بازاڕەکانی شێخەڵڵا، ئیسکان، سەیداوە، نیشتمان، داون تاون و بازاڕی سیروان و چەند شەقامێکی دیکەی سەرەکی لە سەنتەری شار بەڕێوەچوو.
“هەڵمەتەکە بە ئامانجی پاراستنی سەر و ماڵی کاسبکارانە لە رووداوە نەخوازراوەکان و هۆیەکانی ئاگرکەوتنەوە و هەروەها رێکخستنەوەی سیمای بازاڕ لە ناڕێکی و کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان و شوفێران”، شارەوانیی هەولێر وادەڵێت.
لە رۆژانی رابردووشدا كۆبوونەوەیەك لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە بەشداریی سەرۆكی شارەوانی ئەنجامدرا، بە مەبەستی رێكخستنەوەی ناوشار و لابردنی زێدەڕۆییەكان.