کوالیتی بەنزینەکەیان خراپ بووە

پێنج بەنزیخانە لە خەلیفان داخران

964+

ئاکام غەفور- سۆران

لە سنوری قەزای خەلیفان پێنج بەنزیخانە داخران بەهۆکاری خراپی کوالێتی بەنزین.

ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران، بە 964ـی وت، ”لەلایەن لیژنەی ئابووری قەزای خەلیفان پێنج بەنزیخانە داخران بەهۆکاری خراپی کوالێتی بەنزینەکەیان”.

وتیشی، ئەو بەنزیخانانەی ئەمڕۆ داخراون، هەر یەک لە بەنزیخانەکانی، لوقمان، کوردستان، بەنی هەریر، سەرچیا و رۆژهەڵاتی سۆرانن و پێشتر ئاگاداریمان بڵاوکردبووەوە کە هەر بەنزیخانەیەک بەنزینی خراپ بفرۆشێت ناوەکەی بڵاو دەکەینەوە.

روونیشی کردەوە، سزایەکی دیاری کراو نیە بۆ ئەو بەنزیخانانە، بەڵام سزای پێبژاردن و ماوەی داخستنی بەنزیخانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ دیاری دەکرێت، رەچاوی ئەوە دەکرێت، پێشتر ئەو بەنزیخانانە سزا دراون یان یەکمجارە، ئەو بەنزیخانەیەی پێشتر سزا درابێت، سزاکەی زیاترە.

لیژنەی ئابوری قەزای خەلیفانیش دەڵێت، لە 26.1.2025 سەردانی 11 بەنزیخانەی سنوری قەزای خەلیفانمان کرد، نموونەی بەنزینەکەمان لێ وەرگرتن، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دەرچووە کە پێنج بەنزیخانە کوالێتی بەنزینەکەیان خراپ بووە و داخران.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە سبەینێوە بەنزینخانەکانی سۆران دەخرێنە ژێر چاودێری

لە سبەینێوە بەنزینخانەکانی سۆران دەخرێنە ژێر چاودێری