ئەم وێنانە لە پەیجی شارەوانی هەڵەبجەوە وەرگیراوە
لە هەڵەبجە
هەر ماڵێک گەوڕی ئاژەڵی هەبێت لە ناوشاردا تێکدەدرێت
964+
توانا نەقی
ئاژەڵ و بەت ایبەت مانگا، ناوشار و ئەو دارانەی شارەوانی دەیانچێنن لە هەڵەبجە، وێرانیان کردوون و شارەوانیش ئاگاداری ئەو هاوڵاتییانە دەکاتەوە کە گەوڕیان هەیە، دەبێت بیانبەنە دەرەوەی شار.
ئاگادارییەکەی شارەوانی بەشێوەیەکە دەبێت لە ئەمڕۆوە تا 24 کاتژمێری داهاتوو گەوڕەکانیان لابەن و ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە دەرەوەی شار.
سەلام بیلال سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی وت، لە چەند گەڕەکێک گەوڕ هەیە، بە تایبەت ئەو گەڕەکانەی دەکەونە قەراغی شار ئاژەڵەکانیان دێنە ناوشار و جگە لە زیانەکانی دیمەنێکی ناشیرینیشی هەیە.
دەشڵێت، لە ناو ئەو ئاژەڵانەدا مانگایەکی زۆر هەیە و هەر درەختێک شارەوانی دەیچێنێت ئەوان دەچنە سەری و دەیخۆن و دەیشکێنن.
سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ماڵانە ئاگایان لە ئاژەڵەکانیان نابێت و رێگرییان لێناکەن نەیەنە ناوشار و زیان نەگەیەنن، بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە و ئەگەریش بە قسەیان نەکەن سەرجەم گەوڕەکان دەڕووخێنن و دەستیش دەگرن بەسەر ئاژەڵەکانیاندا.