دیمەنی ئۆتۆمبێلی مریشکفرۆشێکی گەڕؤک لە مەیدانی حاجیاوا وێنە: سۆشیاڵ میدیا
مەرجی تەندروستییان پەیڕەو نەکردووە
سەرجەم مریشکفرۆشە گەڕۆکەکانی مەیدانی حاجیاوا غەرامە کران
+964
ژێوار خدر
هۆبەی ئابووری یاریدەدەرێتیی ئاسایشی حاجیاوا، ئەمڕۆ کۆمەڵێک مریشکفرۆشی مەیدانی حاجیاوایان غەرامە کردووە، بەهۆی باپەند نەبوونیان بە مەرجە تەندروستییەکان و پیسکردنی ژینگەوە.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی راپەڕین بە 964ـی وت، ماوەیەک بوو هاوڵاتییانی قەزای حاجیاوا گلەییان لە مریشکفرۆشە گەڕۆکەکانی بەردەم بینای مەیدانی حاجیاوا دەکرد، لەسەر ئەوەی رەچاوی پاکوخاوێنی ناکەن.
وتیشی، ئەو مریشکفرۆشانە بەهۆی ئەوەی گەڕۆکن، مۆڵەتی تەندروستییان نییە، ژمارەی ئەوانەی غەرامە کراون حەوت مریشکفرۆش بوون و بەشێکی دیکەشیان ئاگادارکراونەتەوە و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە، لە کاتی پابەند نەبوونیاندا لێپێچینەوەی تووندیان لەگەڵدا دەکرێ.
باسی لەوەش کرد، ئەو مریشکفرۆشانە، هیچ رێنماییەکی تەندروستییان جێبەجێ نەکردووە، جگە لەوەی ژینگەی ناوچەکەشیان زۆر پیس کردووە، بە تایبەتیش لە رۆژانی هەینیدا ئەو مەیدانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و هاتوچۆیەکی زۆری بەسەرەوەیە، لە ماڵەکانی ئەو دەوروبەرەوەشەوە نزیکن و دەکرێت ببنە هۆکاری بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی نەخۆشی و مەترسی بۆ تەندروستی هاوڵاتیان دروست بکەن.