رێکخراوەکانیشی تیادایە
ترامپ سەرجەم هاوکاریەکانی ئەمریکای بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ماوەی 90 رۆژ راگرت
964+
توانا نەقی
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک، دۆناڵ ترامپ کۆمەڵێک بڕیاری واژۆکرد یەکێک لەوانە راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکابوو بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی و چەند وڵاتێک دەگرێتەوە و لە ناویشیاندا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردووەتەوە، راگرتنی هاوکاریەکان بۆ ماوەی 90 رۆژ و پێداچوونەوە پێیان یەکێک بووە لە بڕیارە سەرەکیەکانی ترامپ.
دەشڵێت، بەشێوەیەکی کاتی سەرجەم بەرنامەکانی هاوکاری دەرەکی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ رادەگیرێت تاوەکو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لەگەڵ ئامانجە سیاسیەکانی ئەمریکا هاوتەریبن یان نا.
ئەوەش هاتووە، کە دۆناڵ ترامپ هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو هاوکاریانە بووە و پێیوابووە بەشێکی زۆریان دژی سیاسەت و بەهاکانی ئەمریکا بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هاوکاریانە 1%ـی بودجەی فیدراڵی پێک دەهێنن ئەمە جگە وەی ملیارات دۆلار لە شەڕی وڵاتێکی وەک ئۆکرانیا خەرج کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بودجەی ساڵی 2023 و لە ئیدارەکەی بایدن دا 68 ملیار دۆلار بۆ 204 وڵات خەرجکراوە، ئەمە هاوکاریەکان بۆ ئەو رێکخراوانەی کە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانیش هەن دەگرێتەوە و دەوەستێنرێت.
راگرتنی هاوکاریەکان بۆ ئەو ماوەیە سەرجەم دەزگا مرۆیی و هاوکاریەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەگرێتەوە، ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت گیراوەتە بەر.
964 زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر بەشێکی زۆر لەو رێکخراوانەش دەبێت کە لە هەرێم کاردەکەن و هەرلە ئێستاوە کارمەندەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کارەکانیان دەوەستێنن بۆ ماوەی 90 رۆژ