شەوان وەجبەیەک لەوێن رۆژیش وەجبەیەکی دیکە
دوو رۆژە گردبوونەوەی شۆفێرانی تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی بەردەوامی ھەیە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شۆفێرانی تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی لەسەر رێگای کەلار – مەرزی پەروێزخان، لە نزیک گوندی بان راسایی، ماوەی دوو رۆژە بەدەوامن لە گردبوونەوە و دەڵێن، کۆڵ نادەین تاوەکو داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت.
شۆفێرەکان چادریان ھەڵداوە، بە رۆژ و شەو لەژێر چادرەکەیانن، وەجبەی رۆژیان لەگەڵ وەجبەی شەو جیاوازە و پشوو بەیەک ئەدەن.
حەسەن محەمەد شۆفێرێکی تانکەرە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا کۆبوینەتەوە بۆ زیادکردنی نرخی گواستنەوەی سووتەمەنی، بەڵام رێک نەکەوتوین”.
“نرخی ئێستای گواستنەوەی سوتەمەنی 16 دۆلارە، ئەمڕۆ بۆیان کردوین بە 18 دۆلار، بەڵام شۆفێرەکان داوای 20 دۆلارمانکردووە، ئەگەر بۆمان زیاد نەکەن بەردەوام دەبین لە گردبوونەوە” حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوشکرد،”لەم جێگایەی گردبوینەتەوە ئازاری ھیچ کەسێک نادەین و رێگەش لەکەس ناگرین جگە لە تانکەر”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی