چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و فشاریان بۆ هاتووە
ژمارەیەک پاسەوانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژمارەیەک پاسەوانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک گردبوونەوە و وەک خۆیان دەڵێن، چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و فشاریان بۆ هاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025 ژمارەیەک لە پاسەوانانی بیرە نەوتەکانی بای حەسەن وهەنجیرە و جمبور و قەرەدەرە و قوتان و عەمەلە شەعبی و لهێبان، لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک گردبوونەوە، دژی پێنەدانی موچەکانیان، بەوتەی خۆیان ژمارەیان 1500 بۆ 2000 پاسەوان دەبێ و بەشێکیان نزیکەی 20 ساڵە خزمەت دەکەن بەڵام تائێستا نەکراون بە گرێبەست.
مەنسور مەحمود پاسەوانی یەکێک لە بیرە نەوتەکان بە964ـی وت،
“ئێمەی پاسەوان هەژار و رەش و رووتین، بەهۆی نەبونییەوە پاسەوانی دەکەین، موچەی مانگانەمان 200 هەزار دینارە و هەمووشمان خێزاندارین و لەسەر ئەو 200 هەزارە دەژین”.
“1500 بۆ 200 پاسەوان دەبین، چوار مانگە بەلاش و عەلاش موچەیان نەداوە، لەگەڵ ئەوەش رۆژانە لیژنە دێت و هەر پاسەوانێک لەسەر کارەکەی نەبێ 20 بۆ 30 هەزار دینار سزا دەدرێت”، مەنسور مەحمود وای وت.
هاوکات یەعقوب جەعفەر بەشداربوویەکی دیکەی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “21 ساڵە پاسەوانی بیرە نەوتەکان دەکەین و مافی خۆمانە داوای موچەکەمان بکەین کە چوار مانگە دابەش نەکراوە”.
داوایشی کرد، راژەکانیان لە بەڵێندەر وەربگیرێتەوە و راستەوخۆ بخرێتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق.
لە دوای ساڵی 2003ـەوە راژەی پاسەوانانی بۆری و بیرە نەوتەکانی کەرکوک لە لایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە درا بە بەڵێندەر و تائێستا بەردەوامە، دوای تێپەربونی 21 ساڵ پاسەوانان داوادەکەن راستەوخۆ موچەکانیان بگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەت و لە بەڵێندەر وەربگیرێتەوە بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان لە سات و کاتی خۆیدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری