مامۆستایان فێری چۆنیهتی گرنگیدان به منداڵانی ئۆتیزم دهكرێن
964+
سهعید محهمهد – خهبات
رێکخراوی جودال خولێکی دوو رۆژەی بۆ بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانە و باخچەی منداڵانی سنووری پەروەردەی خەبات کردەوە، بە مەبەستی زیاتر گرنگیدانیان بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
پشتیوان ساڵح، بەرپرسی بەشی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خەبات، بە تۆڕی 964ی وت “رێکخراوی جودال بە هاوکاری کۆمپانیای مسیۆبوشی ژاپۆنی و هاوئاههنگیی بەشی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی خەبات، خولێکی دوو رۆژەی بۆ 28 مامۆستا لە قوتابخانەکان و باخچەی منداڵان کردهوە”.
وتیشی “مەبەستی سهرهكییان گرنگیدان و چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردنه لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، به تایبهتیش ئۆتیزم”.
ئاماژهى بهوهش كرد، خولەکە لە قوتابخانەی ئاورینگ ئەنجامدرا، تییدا پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان و پسپۆڕى تایبهت به پەروەردە وانهیان وتهوه.
شیلان گۆران، سەرۆکی رێکخراوی جودال بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تۆڕی 964ی وت، “ئامانجمان گرنگیدانە بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، به تایبهتیى ئۆتیزم، تا زیاتر مامۆستایان گرنگیان پێبدەن و بێبەش نەبن لە خوێندن”.
“روانینی ئێمه لەسەر یەکێک لە مادەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤە، ئەویش مافی خوێندنە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە منداڵانە بێبەش نەبن لە خوێندن، دەبێت زیاتر مامۆستایان هاوکاربن و نەبنە هۆکارێک لە بێبەشکردنی ئەم منداڵانە بە هەڵسوکەوتکردنی رۆژانەیان لەگەڵیاندا” شیلان گۆران وای وت.
جودال رێكخراوێكی تایبهته به گرنگیدان به منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، تا ئێستا توانیویانه له هەڵهبجە، رانیە و سۆران خولى جۆراوجۆر بكهنهوه، جگه لهو چالاكییهیان له بەردەڕەش، به نیازن له شێخانیش ههمان چالاكی بۆ مامۆستایان لە قوتابخانە و باخچەی منداڵاندا ئهنجام بدهن.