دەیان کەسی دیکەش بریندارن
ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئاگری هۆتێلەکەی تورکیا بوو بە 76 کەس
964+
ژێوار خدر
ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئاگرەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی هۆتێلێک لە کارتاڵکایای تورکیا بەرزبووەوە بۆ 76 کەس و بەدەیان کەسیش تا ئێستا بریندار بوون، نۆ کەسیش لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی سەرچاوە تورکیەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێل گراند کارتاڵ کە یەکێکە لە هۆتێلە ناسراوەکانی سەنتەری خلیسکێنەی کارتاڵکایا لە شاری بۆلو، گەیشتە 76 کەس و دەیان کەسی دیکەش بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوون.
ناسنامەی 52 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دیارە و تەرمی 45 کەسیان تاوەکو ئێستا رادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە و ئەوانەشی کە ماون پێویستیان بە پشکنینی DNA یە بۆ دیاریکردنی ناسنامەکانیان.
بەپێی ماڵپەڕی BBC تورکی تا ئێستا هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە دیاری نەکراوە و نۆ کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە سەرهەڵدانی ئاگرەکەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئاگرەکە دەوروبەری کاتژمێر 03:30ی بەرەبەیان لە چێشتخانەی یەکێک لە هۆتێلەکانی ناوچە گەشتیارییەکە کەوتووەتەوە و بە ماوەیەکی کەم تەواوی هۆتێلەکەی گرتووتەوە، ئێستا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە و ئەو میوانانەی لە هۆتێلەکەدا بوون ژمارەیان نزیکەی 234 کەس بوون.