ئەم ماوەیە نەهاتە
پێوەرێکی زیرەکی کارەبا لە سۆران سووتا
+964
ئاکام غەفور-سۆران
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکی کاوەی قەزای سۆران، پێوەرێکی زیرەکی کارەبای ماڵان ئاگری گرت، لە ماوەی دوو مانگ و نیودا ئەمە پێنجەمین حاڵەتی سووتانی پێوەری زیرەکە لە سنووری سۆران.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بۆ 964 وتی، “لە دوای ئاگادارکردنەوەمان بە بوونی روصداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی کاوە، دوو تیم دەرچون بۆ شوێنی رصوداوەکە و بە زووی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا”.
وتیشی، ئاگرەکە پێوەرێکی زیرەکی کارەبای ماڵان بوو، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی رابردوویش ئەمە پێنجەمین حاڵەتی ئاگرگرتنی پێوەری زیرەکە لە سنوورەکە، کە چوار ئاگریان لە سەنتەری قەزای سۆراندا بووە.
لەسەر هۆکاری سووتانی ئەم پێوەرانە، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە 964ـی وت، هۆکاری ئاگرگرتنیان شۆرتی کارەبایە و پەیوەندی بەوە نییە فشاری زۆر لەسەر کارەبای ناوچەکە هەبێت، لە هەر کوێ پێوەرەکان گرفتیان هەبێت پێوەری یەدەگ هەیە و تیمەکانی کارەباش پێوەرەکە دەگۆڕن.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 86 هەزار و 239 هاوبەشی پێوەری زیرەکی کارەبا هەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا