ئەگەر دەنگى لەسەر بدرێت

هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە؟

964+

وریا فەتاح

لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، دەنگیدا لەسەر بڕگەیەکى یاساى بودجە کە تایبەتە بە هەناردەى نەوتى هەرێم، ئەندامێکى لیژنەکەش دەڵێت، ئەگەر ئەنجومەنى نوێنەران دەنگى لەسەر بدات، هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە، بەپێى راپۆرتێکى پێشوى ئەپیکۆریش بێت، راگرتنى نەوتى هەرێم لە یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیانى بە عێراق و هەرێم گەیاندووە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە 964ـى رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 19.1.2025، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەنگماندا بە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە ( مادەی دوانزە/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

دەشڵێت: چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانییش دەنگی لەسەر بدرێت، بەوەش دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

“بەپێی هەموارەکە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی 60 رۆژ دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم”، نەرمین مەعروف وا دەڵێت.

بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.

دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.؟

لەکاتێکدا بۆڕى نەوتى عێراق- تورکیا، نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ هەناردە نەوتى لێوە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان “ئەپیکۆر” لە  هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێم بەرهەمدەهێن و لەناوخۆدا ساغى دەکاتەوە.

پێشتر کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، راپۆرتى زیانەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستانى بڵاوکردە و بەپێى زانیارى کۆمەڵەکە، راگرتنەکە لە ماوەى یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت گەیشتووە.

"ئەپیکۆر" ئامادەیە نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات