چەند سەربازێکی ئیسرائیلی لە کەرتی غەزە - وێنە: رۆیتەرز
کاتژمێر 9:30 وادەی ئاگربەستە
کێشەیەک روویداوە؛ حەماس ناوی بارمتەکانی بە ئیسرائیل نەداوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی پەخشی ئیسرائیل دەڵێ، پێشبینی دەکرێت سەرلەبەیانی ئەمڕۆ و بەدرێژایی ئەم هەفتە زیاتر لە 600 بارهەڵگری فریاگوزاری بچنە ناو کەرتی غەزەوە، ئەوە یەکێکە لە مەرجەکانی ئاگربەستەکە، بەڵام خەریکە کێشەی بۆ دروست دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.1.2025، ئاگربەستی غەزە کاتژمێر “8:30ـی بەیانی بە کاتی غەزە” و کاتژمێر 9:30ـی بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت، هەمان ئەو وادەی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بە نێوەندگیری ژمارەیەک وڵات لەسەری رێککەوتوون.
نوسینگەی بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، حەماس تائێستا ناوی ئەو بارمتانەی رادەست نەکردووە، کە بڕیارە ئازادیان بکات، ئێمەش ئاگربەست دەستپێناکەین هەتا حەماس ناوی بارمتەکانمان رادەست نەکات.
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، پابەندبوونی خۆیان بە مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەست دووپاتدەکەنەوە و دواکەوتنی رادەستکردنی ئەو ناوانەی کە بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەکنیکی و مەیدانی.
ئاگربەستەکە؛
ئاگربەستەکە سێ قۆناغ دەبێت؛ لە یەکەم قۆناغدا ئاگربەست بۆ 42 رۆژ بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە نێویاندا پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی هەن، لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ژنە سەربازەکە، ئیسرائیل 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
هەر لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەزە بکشێتەوە و هاوڵاتی سڤیل بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، لەو 42 رۆژەدا هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێن و بڕیارە هەر رۆژێک 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچێتە نێو غەزە.